16 کۆمپانیاى گەشتیارى سزا دەدرێن

ڤیزاى گەشتیارى دەستى حکومەتى هەرێم و میسرى بڕى

964+

وریا فەتاح

بەرزى ژمارەى مردن لە نێو حاجیانى هەرێمى کوردستان و میسر، حکومەتى هەردوولاى ناچار بە گرتنبەرى رێکارى توند کردووە بەرامبەر ئەو کۆمپانیا گەشتیاریانەى کە بە ڤیزاى گەشتیارى حەجیان بە خەڵک کردووە.

30 حاجى هەرێمى کوردستان گیانیان لەدەستداوە کە 29 کەسیان بە ڤیزاى ساڵى گەشتى سعودەیەیان کردووە و 25 کەسیان لەوێ گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسیان لە کاتى هاتنەوەدا بە رووداوێکى هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

بەپێى داتاکانى حکومەتى سعودیە، لە وەرزى ئەمساڵى حەجدا 1301 حاجى گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە 30 حاجیان هاوڵاتى هەرێمى کوردستانن کە 25یان بە ڤیزاى ساڵى چوون و تەنیا یەک لەو حاجیانەى گیانیان لەدەستداوە بە فەرمى چووە.

هەرچى وڵاتى میسرە هیچ داتایەکى نییە کە چەند هاوڵاتى وڵاتەکەى بە ڤیزاى گەشتیارى چوون بۆ حەج، بەڵام ئەوانەى بە فەرمى حەجیان کردووە 50 هەزار کەس بوون و دەوترێت ژمارەى ئەو هاوڵاتییە میسریانەى کەى بە ڤیزاى گەشتیارى حەجیان کردووە زۆر زیاتر لە ژمارە فەرمییەکەى.

لەو 1301 حاجیەى لە سعودیە مردوون، زیاتر لە 600 حاجیا میسر بوون، لەو ژمارەیە تەنیا 31 کەس بە شێوەى فەرمى لەگەڵ شاندى میسر چوون و ئەوانى تر بە ڤیزاى ساڵى گەشتى سعودەیەیان کردووە، ئەم ژمارە زۆرە حکومەتى قاهیرەى ناچار بەوە کردووە رێکارى پێویست بگرێتەبە و لە هۆکارەکەى بکۆڵێتەوە.

لە یەکەم هەنگاودا، حکومەتى میسرى 16 کۆمپانیاى بە بەرپرسیار ناساندووە لە گیانلەدەستدانى ئەو ژمارە زۆرەى حاجیان، ئەو کۆمپانیایانە تۆمەتى ئەوەیان خراوەتەپاڵ کە هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش بە حاجیان نەکردووە، هەروەها ئەوانەی بەرپرسیارن رەوانەی دادگا دەکرێن.

هاوکات حکومەتى سعودیەش ئاگادارکراوەتەوە کە پێدانى ڤیزاى ساڵى بۆ هاوڵاتیانى میسرى رابگرێت .

پشکى هەرێمى کوردستان لە وەرزى حەجى ئەمساڵ 4 هەزار و 685 کەس پڕۆسەى حەجى ئەنجامداوە و لەو ژمارەیە تەنیا یەک کەس گیانى لەدەستداوە و 29 حاجیش کە بە ڤیزاى ساڵى لە گەشتى سعودیەیان کردووە گیانیان لەدەستداوە.

لە کاتى گەڕانەوەى یەکەم کاروانى حاجیانى هەرێم لە رێى فڕۆکەخانەى هەولێرەوە، پشتیوان سادق، وەزیرى ئەوقاف و کاروبارى هەرێم رایگەیاند: لە رێگەى داواکارى گشتى و وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى بازرگانى، لێکۆڵینەوەیەکى یاسایى توند لەگەڵ ئەو کۆمپانیانە دەکرێت، کە خەڵکیان بە ڤیزاى ساڵى بردووە و لەوێ بەدەم هاوڵاتیانەوە نەچوون.

"ئەوانەى بە ڤیزاى ساڵى حەجیان کردووە پەشیمانن"