ژماره‌یان 10 حاجییە

لیژنه‌یه‌ك بۆ سۆراغى حاجییه‌ بێسه‌روشوێنبووه‌كان له‌ سعودیه‌ ده‌ستبه‌كار بووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لیژنه‌یه‌كی به‌دواداچوون بۆ سۆراغكردنى ئه‌و حاجییانه‌ى هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كار بووه‌ كه‌ له‌ وڵاتى سعودیه‌ له‌كاتى به‌جێگه‌یاندنى فه‌ریزه‌ى حه‌ج، بێسه‌روشوێن بوونه‌.

لیژنه‌كه‌ نوێنه‌رێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى تێدایه‌ و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى حه‌ج و عومره‌ى هه‌رێم و عێراق له‌ سعودیه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن.

کاروان ستوونى، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى گشتی حه‌ج و عومرەى هه‌رێمى كوردستان به‌ 964ـى وت، ئه‌و حاجیانه‌ى تا ئێستا له‌ سعودیه‌ بێسه‌روشوێنن ژماره‌یان 10 كه‌سه‌.

وتیشى “له‌ سعودیه‌ نوێنه‌رایه‌تیمان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تى حه‌ج و عومره‌ى عێراق ده‌ستیان به‌ سۆراغى ئه‌و ونبووانه‌ كردووه‌”

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد ئه‌وانه‌ى بێسه‌روشوێنن له‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌ ڤیزاى حه‌ج نه‌چوونه‌ته‌ سعودیه‌، بۆیه‌ له‌ زۆربه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌كانى حه‌جكردن بێبه‌ش بوونه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆى سه‌رگه‌ردان بوون و ونبووینان.

دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ لیژنه‌كه‌ له‌ سۆراغكردنیان به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌ر زانیارییه‌كیان ده‌ستبكه‌وێت له‌باره‌ى چاره‌نووسییانه‌وه،‌ راسته‌وخۆ كه‌سوكاریان لێ ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌وه‌شى بیرهێنایه‌وه،‌ كه‌ ئه‌وان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌موو هاوڵاتیانیان ئاگادار كردبووه‌وه‌ كه‌ به‌ ڤیزاى حه‌ج سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ى كێشه‌یان بۆ دروست نه‌بێت چونكه‌ ده‌ڵێت “ئەوانەى لە دەرەوەى پێچه‌وانه‌ى رێکار و مەرجەکانى وەزارەتى حەج و عومرەى سعودیە بۆ به‌جێگه‌یاندنى فه‌ریزه‌ى حه‌ج بچنە ئەو وڵاتە، به‌ نایاسایی هه‌ژمار ده‌كرێن”.

ئەمساڵ 4685 هاوڵاتی هەرێم فەریزی حەج بەجێدەگەیەنن

ئەمساڵ 4685 هاوڵاتی هەرێم فەریزی حەج بەجێدەگەیەنن