حاسڵاتی ئەمڕۆ
سزای راپەرە بەناوبانگەکە کەم بووەوە
+964
ژووری هەواڵ
تەنیا لەماوەی چوار رۆژی جەژندا 20 هەزار کەس لە رێی مەرزی باشماخەوە هاتوچۆیان کردووە، 15 هەزار کەس چوونەتە ئێران و 5000 لەوێوە هاتوون، ئارام شوانی، وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بە 964ی وت ئەو گەشتیارانەی کە هاتوونەتە سنووری پارێزگای سلێمانی به رێژەی 10% خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانن.
دووەم رۆژە ئاگرێکی گەورە لە سنووری هەشت گوندی سەر بە شارۆچکەی چناری ئامەد و شەمرەخی مێردین کەوتەوە، تا ئەمڕۆ زیاتر لە 13 کەس گیانیان لەدەستداوەو سەروو 75 کەس بریندارن، فەخرەدین کۆجا وەزیرى تەتدروستیى تورکیا رایگەیاند ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵیش تیاچوون.
بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان دەڵێن: بەشێکی گرنگی ئەو پرۆژەیەیان تەواو کردووە کە ئاو لە دەوروبەری عاموداوە دەگەیەنێتە حەسەکە، پرۆژەکە بریتییە لە هەڵکەندنی 20 بیرو 11 مانگە کاری تێدا دەکەن.
راپەری بەناوبانگی ئێران توماج ساڵحی کە زیاتر لە ساڵ و نیویکە لە زیندانە و سزای سێدارەی بۆ بڕابووەوە، ئەمڕۆ بڕیاری لەسێدارەدانەکەی هەڵوەشایەوە، پارێزەرەکەی دەڵێت: بە گوێرەی بڕیاری پێداچونەوەی دادگای باڵا، سزای لەسێدارەدانی توماج ساڵحی هەڵوەشێندراوەتەوە و دۆسییەکەش رەوانەی دادگای هاوشێوە کراوەتەوە.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە رایگەیاند: رۆژی 20 حوزەیران لە چەند ناوچەیەکی جیاواز چالاکییان دژی هێزەکانی تورکیا ئەنجامداوەو سێ کامێرای حەراری و چەند پرۆجەکتەرێکیان تێکشکاندووە، ئەو کامێرایانە بەکاردێن بۆ چاودێری جموجۆڵی گەریلاکان.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن: دەیان مامۆستا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە لەبەر ئەوەی دوای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی دەسەڵاتدارانی ئێوان پۆستیان کردووە.