ئاماری جەژنی بڵاوکردەوە
گەشتوگوزار: گەشتیاران بە نزیکەیی 32 ملیۆن دۆلاریان هێناوەتە ناو سلێمانییەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
بۆ پشوو و رۆژرانی جەژنی قوربان، وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، “زیاتر لە 159 هەزار گەشتیار لە سلێمانی بوون”، داهاتی هاتنی گەشتیارانیش بۆ خاوەنکاران و کاسبکارانی سلێمانی “بە نزیکەیی 32 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت”.
بەپێی دواین ئامار و بەبۆنەی جەژنی قوربان و پشووەکان لە ماوەی (14 تا 20) ی ئەم مانگە، 159 هەزار و 583 گەشتیار سەردانی شاری سلێمانی و دەوروبەریان کردووە.
لەو رێژەیەی خراوەتەڕوو زیاتر لە 90%ی گەشتیاران لە ناوەڕاست و باشوری عێراق گەشتەکانیان بۆ شاری سلێمانی ئەنجامداوە، هەروەک نزیکەی 10%ی گەشتیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتانی دەرەوەی هەرێم لە رێگەی بازگەکان، دەروازەی سنوری و فڕۆکەخانە و روویانکردووەتە شارەکە.
ئارام شوانی. وتەبێژی گەشتوگواری سلێمانی لە بارەی داهاتی هاتنی ئەو گەشتیارانە بە 964ی وت، “لە رووی داهاتی گەشتیارییەوە گەر وا دابنرێت هەر گەشتیارێک بڕی 200 دۆلاری خەرجکردبێت، ئەوا داهاتی گەشتیاران لە بۆنەی جەژنی قوربانی ئەمساڵ نزیکەی 32 ملیۆن دۆلار بووە، بەسەر خاوەنکاران و کاسبکاران دابەش بووە”.
“سەرەڕای قەرەباڵغی بەرچاوی گەشتیاران، هێزە ئەمنییەکان و تەواوی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بە پێی پلانێکی سەرکەوتوو توانیان بۆنەیەکی ئارام بۆ گەشتیاران و دانیشتوانی سلێمانی و میوانان دەستەبەربکەن”.
بە گوێرەی داتای گەشتوگوزاری شارەکە، جەژنی قوربانی ساڵی رابردوو 120,460 هەزار گەشتیار سەردانی شاری سلێمانیان کرد، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە لە جەژنی قوربانی ئەمساڵ بۆ 159,583 هەزار گەشتیار زیادیکردووە.