کارگەی دۆشاوەکەی هەریر بەرهەمی زۆرە و بازاڕی کەمە

+964

ئاکام غەفوور

ئەگەرچی کارگەی دۆشاوی تەماتەکەی هەریر دەست رەنگینە و بەرهەمی زۆرە، بەڵام بازاڕی کەمە، بەوهۆیەوە مەترسی داخستنی لەسەرە بە قسەی خاوەنەکەی.

کارگەی دۆشاوی تەماتەی ھەریر، پڕۆژه‌یه‌كی كه‌رتى تایبه‌ته، پێشتر له‌ ساڵانى هه‌شتاكان له‌ لایه‌ن حكومه‌تى عێراقییه‌وه‌ دروستكرابوو، یه‌كێك بوو له‌ به‌ناوبانگرترین كارگه‌ى له‌قوتونان له‌سه‌ر ئاستى عێراق، ساڵى 2021 وه‌گه‌ڕخراوه‌ته‌وه‌ و ساڵانه‌ ده‌توانێت نزیكه‌ى دوو هه‌زار و 500‌ تۆن ته‌ماته‌ له‌جوتیارى كوردستان وه‌ربگرن.

شوان حەمید باتاسی، بەڕێوه‌بەری کارگەکە، به‌ تۆڕى 964 ى وت “ساڵى 2020 سه‌رله‌نوێ بیرۆكه‌ى وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى ئه‌و كارگه‌یه‌مان پێشنیازكرد، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین هه‌م كارگه‌كه‌ به‌رده‌وامى هه‌بێت و هه‌میش هه‌لیكار بۆ خه‌ڵكى ئه‌م سنوورە بڕه‌خسێنین، هه‌مانكات به‌روبوورمى جوتیارانیش به‌فیڕۆ نه‌چێت، ئه‌وه‌بوو كارگه‌كه‌مان نۆژه‌نكرده‌وه‌، ساڵى 2021 ده‌ستمان به‌وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى كرد و ئێستا 90 تا 95 كه‌س له‌و كارگه‌یه‌ كارده‌كه‌ن”.

به‌قسه‌ى شوان، ساڵانه‌ نزیكه‌ى دووهه‌زار و 500 تۆن ته‌ماته‌یان له‌ جوتیاران وه‌رگرتووه‌ و به‌رهه‌میان لێ دروستكردووه‌، به‌ڵام ده‌ڵێ “كێشه‌ى سه‌ره‌كیمان به‌بازاڕكردنه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هاوكارمان نه‌بێت، ئه‌وا مه‌ترسی داخستنى كارگه‌كه‌مان له‌سه‌ره‌”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات،‌ بازاڕه‌كانى كوردستان به‌رهه‌مى “زۆر خراپ”ی تێدایه‌ و ئه‌وه‌ ئاسته‌نگى به‌رده‌مى كارگه‌كه‌ى ئه‌وانه‌، وتیشی “ئێمه‌ كه‌ زۆرجار له‌كاركردن راده‌وه‌ستین، هۆكاره‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ به‌رهه‌مه‌كانمان ساغ نابنه‌وه‌ له‌ بازاڕى كوردستان، جا ئه‌گه‌ر كاره‌كان وا بڕوات و حكومه‌ت هاوكارمان نه‌بێت، ئێمه‌ ناچارنین پاره‌یه‌كی زۆر خه‌رج بكه‌ین و دواتریش زه‌رەر و زیانى گه‌وره‌ بكه‌ین”.

ئەو دەڵێت، ئەگەر هاوکاری بکرێت، ئەوا جگە لە تەماتە، دەتوانن بەرهەمەکانی ترێ و هەنار و سێو وەربگرن و بەرهەمی جیا جیایان لێ دروستبکەن.