خەڵکی عێراقیشی تێدایە

11 كه‌س له‌ دوو كه‌شتییه‌ نقوومبووه‌كه‌ی ئیتالیا گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

بە پێی راپۆرتی رێکخراوێکی خێرخوازی ئەڵمانی و پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتالیا و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای ئەوەی دوو کەشتی لە باشووری دەریای ناوەڕاست لە ئیتالیا نوقم بوون، لانیکەم 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 64 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.

گرووپی فریاگوزاری ئەڵمانی RESQSHIP کە کەشتیی فریاگوزاری نادر بەڕێوەدەبات، له‌ تۆڕی X رایگەیاندووە، 51 کەسیان لە بەلەمێکی دار کە نوقم ببوو، ده‌رهێناوه‌، لە ناویاندا دوو کەسیان بێهۆش بوون و 10 تەرمیان دۆزیوەتەوە، کە لەناو سەقفی خوارەوەی کەشتییەکەدا گیریان خواردبوو.

RESQSHIP ئاماژەی بەوەش کردووە، رۆژی دووشەممە 17.6.2024 رزگاربووان رادەستی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتالیا کراون و براونەتە کەنار، لە کاتێکدا کەشتیی نادر رێگەی به‌ره‌و دوورگەی لامپێدوسا بوو، بەلەمه‌ دارەکەی لەگەڵ تەرمی کوژراوەکاندا ده‌رهێناوه‌.

کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) و رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند، ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەی لەلایەن رێکخراوی خێرخوازی ئەڵمانییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، لە سوریا، میسر، پاکستان و بەنگلادیشەوە هاتوون .
ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، دووەم کەشتی نوقمبوون نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی ناوچەی کالابریای ئیتالیا نقوو بووه‌، بەو پێیەی کە بەلەمێک کە هەشت رۆژ پێشتر لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو، ئاگری گرت و وەرگەڕا.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، 64 کەس لە دەریادا بێسەروشوێنن، 11 کەسیش لە لایەن پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا ڕزگارکراون و براونەتە کەنار بۆ شارۆچکەی رۆسێلا ئیۆنیکای کالابریا، لەگەڵ تەرمی ژنێک.
پاسەوانی کەناراوەکان پێشتر رایگەیاندبوو کە بە دوای ژمارەیەکی دیارینەکراوی کەسانی بێسەروشوێندا دەگەڕێن، بە هاوکاری دەزگای سنووری یەکێتیی ئەوروپا (فرۆنتێکس).
پاسەوانی کەناراوەکان رایگەیاندووە، کەشتییەکە بەلەمێکی گەشتیارییە و بەشێکی ژێرئاوکەوتووە و دۆزراوەتەوە، بۆ یەکەمجار لەلایەن بەلەمێکی فەرەنسییەوە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بینراوە کە ناوچەی گەڕان و رزگارکردن له‌ ئیتالیا و یۆنان لەسەر یەکتر کۆدەبنەوە.
ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەی کە لە دووه‌مین کەشتی نوقمبووندا بەشدارن لە ئێران، سوریا و عێراقەوە هاتوون.
بەپێی راپۆرتێک، كه‌ له‌ مانگی ئاداری رابردوو بڵاوكرایه‌وه‌، لە ماوەی دەیەی رابردوودا زیاتر لە 27 هەزار کەس لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا هەوڵدەدەن لە باکووری ئەفریقاوە بگەنە باشووری ئەوروپا.

بەلەمێکی کۆچبەران ژێر ئاو کەوت

بەلەمێکی کۆچبەران ژێر ئاو کەوت