دیمەنی فڕۆکەخانەیەک - وێنە: ئاژانسەکان
لە سعودیەوە دەگەڕێتەوە کوەیت
پیاوێکى کوەیتى لە تەوالێتى فڕۆکەخانە هاوسەرەکەى جێدەهێڵێت
وریا فەتاح
هەواڵى ئەو پیاوە کوەیتییەى کە ژنەکەى لە تەوالێتێکى فڕۆکەخانەدا جێهێشتووە و بە تەنیا گەراوەتەوە بۆ وڵاتەکەى، بووە بە باسوخواسى میدیا کوەیتى و عەرەبییەکان.
بەپێى هەواڵى میدیا کوەیتییەکان، پیاوێک لەگەڵ هاوسەرەکەى و کوڕەکەیان گەشتیان بۆ بەحرەین کردووە، بەڵام لە کاتى گەڕانەوەیان بۆ کوەیت، لە فڕۆکەخانەیەکى سعودیە ژنەکە دەچێتە تەوالێت و پیاوەکەش بە دەرفەتى دەزانێت و ژنەکە و کوڕەکەى جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ کوەیت.
وەک ئەوەى میدیاکانى کوەیت باسى دەکەن، پیاوەکە کاتێک گەڕاوەتەوە کوەیت بە براکانى ژنەکەى وتووە کە هاوسەرەکەى لە سعودیە دیارنەماوە و هیچیشى لەبارەوە نازانێت.
ئەم قسەیە گومان دەخاتە دڵى کەسوکارى ژنەکە، بۆیە لاى پۆلیس سکاڵا لەسەر پیاوەکە تۆمار دەکەن، بۆیە کاتێک پۆلیسى کوەیت بانگى پیاوەکە دەکەن، دان بەوە دادەنێت کە هاوسەرەکەى لە ناو سعودیە بەجێهێشتووە لە کاتێکدا کە لە ناو فڕۆکەخانە دەچیتە تەوالێت.
ئێستا دەسەڵاتدارانى کوەیت لەگەڵ سعودییەکان قسەیان کردووە بۆ زانینى چارەنوسى ئەو ژنە و گەڕاندنەوەى بۆ کوەیت، پیاوەکەش لاى پۆلیسە و دەیانەوێت لێکۆڵینەوەى زیاترى لێ بکەن.
بەرپرسانى پۆلیس چاوەڕێى ئەوە دەکەن ژنەکە بگەڕێتەوە و دواتر لەگەڵ هاوسەرەکەى رووبەڕووى یەکتریان دەکەنەوە تا بزانن هۆکارى ئەو بابەتە چییە و ژنەکە چ هەڵوێست و قسەیەکى دەبێت.