یەکێکیان خزمى ئەو ژنەیە کە دوێنێ گیانى لەدەستدا

دوو حاجى هەرێم لە سعودیە بێ سۆراغن

964+

وریا فەتاح

دوو حاجى هەرێم کە بە ڤیزاى ساڵى چوونەتە حەج بێ سۆراغن و یەکێکیان خزمى ئەو ژنەى هەولێرە کە دوێنێ لە کێوى عەرەفە گیانى لەدەستدا.

ئومەیل جومعە نورى تەمەن 61 ساڵ کە دانیشتوى چەمچەماڵە، سێ رۆژە بێ سۆراغە، بە وتەى حەسەن رەسوڵى خوشکەزاى کە بۆ 964 قسەى کردووە، دواین جار لە کێوى عەرەفە بووە، بەڵام سێ رۆژە بێ سۆراغە و هیچ هەواڵێکیان لێى نییە.

باسى لەوەشکر، پورى لەگەڵ هاوسەرەکەى بە ڤیزاى ساڵى چوون بۆ سعودیە، وا سێ رۆژە پیاوەکەى لە دواى دەگەرێت، بەڵام وەک ئەوەى زەوى قوتیدابێت لە هیچ کوێ دەنگى نییە و نەشگەڕاوەتەوە بۆ هۆتێل.

یەکێکى دیکە لە حاجیە بێ سۆراغەکان ناوى عەبدوڵا ناسرە و خەڵکى هەولێرە، بە وتەى بەختیار خالید کە خوارزایەتى و بۆ 964 قسەى کردووە، خاڵى لەگەڵ خێزانەکەى و خزمەکانى بە ڤیزاى ساڵى چوونەتە حەج.

یەکەم حاجیی هەرێم لە سعودیە گیانى لەدەست دا

یەکەم حاجیی هەرێم لە سعودیە گیانى لەدەست دا

وەک باسى دەکات، دوێنێ لە کێوى عەرەفە بەهۆى قەرەباڵغییەوە تووشى دۆخێکى نەخوازراو بوون، براژنى خێزانى خاڵى، بەناوى جەمیلە یونس لەوێ گیانى لەدەستدا و خاڵۆژنیشى لەوێ بوراوەتەوە و خاڵیشى لەو کاتەوە بێ سۆراغە و تەنیا مۆبایلەکەى دۆزراوەتەوە.

لەئێستادا خزمەکانیان لەوێ دەستیان کردووە بە سۆراغ، بەڵام بەهۆى قەرەباڵغییەوە ئەرکیان قورس بووە.

هەردوو حاجییە بێ سۆراغەکە بە ڤیزاى ساڵى و لە رێگەى کۆمپانیاوە چوون، بەڵام وەک کەسوکاریان دەڵێن، کۆمپانیاش هیچ زانیارییەکى لەبارەیانەوە نییە.

شوان رەوف یەکێک لەو کەسانەیە کە بە ڤیزاى ساڵى ئێستا لە سعودیەیە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”دوێنێ، واتا رۆژى عەرەفە بەهۆى قەرەباڵغییەوە ئەوانەى بە ڤیزاى ساڵى لەوێین شوێنمان نەبووە لە هۆتێک بخەوین و لەسەر جادە ماوینەتەوە”.

بە گوێرەى زانیارییە نافەرمییەکان، زیاتر لە 30 هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان ڤیزاى ساڵى سعودیەیان وەرگرتووە.