پێشبینی 26 هەزار تۆن دەکرێت

ئەمساڵ دهۆک لە بەرهەمهێنانی شووتیدا حلی نییە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

ئەمساڵ دهۆک لە بەرهەمهێنانی شووتیدا حلی نییە و زیاتر لە حەوت هەزار دۆنم زەوی کراوە بە شووتی، پێشبینی دەکرێت 26 هەزار تۆن بەرهەم بهێندرێت، جوتیارانی دهۆک بەشی ناوەڕاست و باشووری عێراقیشی لێدەنێرن.

جوتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک لە دەشتەکانی قەزای بەردەڕەش و شێخان و ئاکرێ و سێمێل شووتی بە شێوەیەکی فراوان دەچێنن، بەڵام رێژەی هەرە زۆر لە دەشتی چەمە لە سنووری قەزای بەردەڕەش.

مستەفا کۆچەر، جوتیارێکی سنووری قەزای سێمێلە و بە 964ـی راگەیاند، زیاتر لە 10 دۆنم شووتیی چاندووە، بەڵام گلەیی لە نرخەکەی هەبوو کە بە هەرزان دەیفرۆشن.

نرخی شووتیی خوماڵی لە دهۆک یەک کیلۆی لەنيوان 300 بۆ 400 دینارە.

موسڵیح حەسەن، یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتیی کشتۆکاڵی دهۆک بە 964ـی وت، “ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی حەوت هەزار و 100 دۆنم زەوی بە شووتی چێندراوە و پێشبینی دەکەین زیاتر لە 26 هەزار تۆن شووتی بەرهەم بێت”.

وتیشی، “رۆژانە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی قەزاکان، مۆڵەت بە جوتیاران دەدەین شووتی هاوردە بکەن بۆ ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق و بیفرۆشن”.

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی شووتیی ناوخۆ باجی خستووەتە سەر شووتیی هاوردە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیارانی ناوخۆ.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

کشتوکاڵی دهۆک: دەبینە خاوەنی زۆرترین کۆگای ساردکەرەوە ...

کشتوکاڵی دهۆک: دەبینە خاوەنی زۆرترین کۆگای ساردکەرەوە لە عێراق