دوو رۆژ بوو داخرابوو

رێگای سماقوڵی بە رووی بارهەڵگرەکاندا کرایەوە

964+

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە رێگای سماقوڵی بۆ هەولێر کرایەوە، دوای ئەوەی دوو رۆژ بوو لە لایەن هاوڵاتیانی سنوورەکەوە گیرابوو.

رێگاکە بە بە بڕیاری قایمقام و بە ئاگاداریی پارێزگاری هەولێر کراوەتەوە.

مامۆستا شاکر سماقوڵی، نوێنەری خۆپیشاندەرانی گوندەکانی سماقوڵی، بە 964ـی وت، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 9:30 بە بڕیاری قائیمقامی کۆیە و ئیدارەی هەولێر شۆفڵیان هێنا و ساترەکانیان لادا، رێگاکەیان بە رووی بارهەڵگرەکاندا کردەوە”.

وتیشی، “هۆکاری کردنەوەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو رێژە زۆرەی بارهەڵگرەکان دابەش بێت بەسەر کۆیە و سماقوڵی و شەقڵاوە و سکتاندا”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، هەرکات هاوڵاتیانی سنوورەکە بێنە سەرشەقام و رێگاکە بگرنەوە پشتگیرییان دەکەن.

964 پەیوەندیی کرد بە قائیمقامی کۆیەوە، بەڵام پەیوەندەییەکەی بەردەست نەبوو.

لە چەند رۆژی رابردوودا رێگای کۆیەش بە رووی بارهەڵگرەکاندا داخرا، بەڵام بە بڕیاری یەکەی ئیداریی کۆیە رێگاکەیان کردەوە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

رێگای سماقوڵی بەڕووی بارهەڵگرەكاندا داخرا

رێگای سماقوڵی بەڕووی بارهەڵگرەكاندا داخرا