هەل بۆ خوێندکاران و دەرچوانى زانکۆکە دەڕەخسێنێت

زانکۆى چەرموو دانپێدانانى بۆ دەرکرا

964+

وریا فەتاح

بە فەرمیی لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراقەوە، زانکۆى چەرموو لە چەمچەماڵ دانى پێدانرا و لەمەودوا دەرچووانى ئەو زانکۆیە دەتوانن بڕوانامەکانیان تصدیق – پشتڕاست) بکەن و لە دەرەوەى وڵات بەکارى بهێنن).

د. هەڵەت رەشید، سەرۆکى زانکۆى چەرموو بە 964ـى وت،” دواى ئەوەى لەماوەى رابردوودا وەزارەتى دەرەوەى عێراق، دانپێدانانى بۆ زانکۆى چەرموو دەکرد، وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق بە فەرمیی دانینا بە زانکۆکەدا، کە پێشتر کێشەى زۆرى بۆ زانکۆکە و خوێندکارانى دروستکردبوو”.

بە وتەى سەرۆکى زانکۆى چەرموو، لە ماوەى رابردوودا بەهۆى ئەوەى زانکۆى چەرموو لاى وەزارەتى دەرەوە دانپێدانانى نەبوو، بۆیە ئەگەر دەرچوویەکى ئەو زانکۆیە داواى بڕوانامەکەى بکردبایە بۆ ئەوەى لە زانکۆیەکى دەرەوە بخوێنێت یان وەک بەڵگەنامەیەکى فەرمى بەکاریبهێنێت، وەزارەتى دەرەوە پشتڕاستی بڕوانامەکەى بۆ نەدەکرد، ئەوەش ببووە کێشە، چونکە دەرچووەکە نەیدەتوانى لە دەرەوەى وڵات سوود لە بڕوانامەکەى ببینێت.

زانکۆکە سێ بەشى سەرەکى هەیە و دوانیان بە فەرمیی دانى پێدا نراوە و داننان بە بەشەکەى دیکەى زانکۆکەشدا لە بوارى کارکردن و جێبەجێکردندایە

وەک ئەوەى هەڵمەت رەشید باسى کرد، لەو کاتەوەى بووە بە سەرۆکى زانکۆى چەرموو، زۆر هەوڵیداوە بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە، ئەوە بوو ماوەیەک لەمەوبەر کێشەکە چارەسەر بوو و حەوت دەرچووش لە وەزارەتى دەرەوە بڕوانامەکانیان بۆ تەسدیق کراوە و لەمەودوا زانکۆى چەرموو لە لیستى زانکۆ دانپێدانراوەکانى عێراقدایە.

زانکۆى چەرمو یەکێکە لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان و بە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران لە ساڵى 20214 دامەزراوە، لە نوێترین بڕیاردا وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق دانى پێدانا.

زانکۆى چەرموو دەکەوێتە شارى چەمچەماڵ، لە 13 بەش و سێ کۆلێژ پێکدێت و لە ئێستادا ژمارەى خوێندکارەکانى نزیکەى 1500 خوێندکارە.

دواى دانپێدانان بە زانکۆى چەرموو، لە ئێستادا تەنیا دوو زانکۆى حکومى ماوە، کە لاى وەزارەتى دەرەوە دانپێدانانیان بۆ نەکرابێت، ئەوانیش زانکۆى راپەڕین و گەرمیانن، هەرچەندە زانکۆى راپەڕین دانپێدانراوى مەرجدارى بۆکراوە و دواى چارەسەرکردنى ئەو کەموکورتیانە دانپێدانانى بۆ دەکرێت.

بەغداد دانپێدانانى بۆ زانکۆى چەرموو دەرکرد

بەغداد دانپێدانانى بۆ زانکۆى چەرموو دەرکرد