"ئاژەڵی قوربانی لە کوشتارگەکان سەرببڕن"

هەڵمەتی هوشیارکردنەوەی تای خوێنبەربوون لە کوشتارگەی هەولێر بەڕێوەچوو

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

لە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بەڕێووەچوو و داوا لە هاوڵاتیان کرا لە کوشتارگەکە ئاژەڵەکانیان بۆ قوربانی سەرببڕن.

هەڵمەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 12.6.2024 لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵ، سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری رێکخرابوو.

فەریدون حەمەد قادر، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بە 964ـی وت، “رێنمایی و ئاگادارکردنەوە دەدەین بە هاوڵاتیان لە سەربڕینی ئاژەڵەکانیان لە کوشتارگە، چونکە دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە، یەکێکیان گیان لەدەستدان بووە”.

وتیشی، “پێویستە لە کاتی دابەشکردنی گۆشتی قوربانی نایلۆنی نوێ و روون بەکاربێهنرێت و هەر ئاژەڵێکیش دەرمانی پێدرابێت نابێت راستەوخۆ سەرببڕێت، بەڵکو پێویستە پزیشکی ڤێترنەری رێنمایی بدات ئینجا سەرببڕێت، بە هیچ شێوەیەک هیچ ئاژەڵێک بەبێ مۆر نابێت سەرببڕێت”.

لەهەرچوار رۆژی جەژنی قورباندا سەرجەم کوشتارگەکانی هەرێمی کوردستان 24 کاتژمێر کراوە دەبن بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بتوانن لەوێ ئاژەڵەکانیان سەرببڕن، بە وتەی بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان هۆشیاریی سەربڕینی ئاژەڵ و خۆپارێزی بە هاوڵاتیان دەدەن.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

مەیدانی نوێی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی بۆ جەژن ئامادەیە

مەیدانی نوێی ئاژەڵفرۆشانی سلێمانی بۆ جەژن ئامادەیە