خانمه پیره‌كه به توندی سزا درا
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵلا – هه‌ولێر
یانه‌ی یوڤێنتۆسی ئیتالی به شێوه‌یه‌كی توند سزا درا و 15 خاڵ له ژماره‌ی خاڵه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی كه‌مكرایه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ساخته‌كردنی تۆماری گرێبه‌ستی چه‌ند یاریزانێك به شێوه‌یه‌كی گوماناوی، هه‌روه‌ها چه‌ند به‌رپرسێكی یانه‌كه‌ش سزادران.
دادگای فیدراڵیی ئیتالیا بڕیاری سزادانی یانه‌ی یوڤێنتۆسی راگه‌یاند، بە لێبڕینی 15 خاڵ لە ژماره‌ی خاڵه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی لە خولی ئیتالیا.
داواکاری گشتیی ئیتالیا ئێواره‌ی دوێنێ هه‌ینی، داوای کرد یانەکە بە لێبڕینی تەنیا 9 خاڵ سزا بدرێت، بەڵام دادگای فیدراڵی سزایەکی توندتری بەرامبەر یانەی خانمه پیره‌كه راگه‌یاند.
هەروەها دادگا بڕیاری دا، فابیۆ پاراتیسی، بەڕێوەبەری پێشووی یانەی یوڤێنتۆس و بەڕێوەبەری وەرزشیی ئێستای یانه‌ی تۆتێنهامی ئینگلیزی، بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو، هه‌روه‌ها ئاندریا ئەنێلیی سەرۆکی پێشووی یانەکە و ئاریڤابینی بەڕێوەبەری وەرزشی بۆ ماوەی دوو ساڵ له كاركردن سڕ بکرێن، جگه له‌مه پاڤێل نێدڤێد، جێگری پێشووی سەرۆکی یانەکە بۆ ماوەی هه‌شت مانگ له هه‌موو چالاكییه‌كی وه‌رزشی راگیرا.
فابریزۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی ناودار و شاره‌زای بواری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان، له توویته‌ر نووسیویه‌تی، یانه‌ی یوڤێنتۆس دەتوانێت له لیژنه‌ی ئۆڵمپیی ئیتالیا تانە لەو سزایە بدات، کە بەسەریدا سەپێنراوە.
پێش ئه‌م سزایه، یوڤێ به 37 خاڵ له پلەی سێیەمی ریزبه‌ندیی خولی ئیتالیا بوو، به‌ڵام ئێستا بە 22 خاڵ دەگەڕێتەوە بۆ پلەی دەیەم، به‌مه‌ش به لای كه‌م وا ده‌كات وه‌رزی داهاتوو نه‌گاته پله‌ی به‌شداریكردن له چامپیۆنزلیگ و ناتوانێت ركابه‌ریی له‌سه‌ر نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی ئیالیاش بكات.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، داواکاری گشتیی ئیتالیا داوای کردبوو جگه له یوڤێنتۆس، لێکۆڵینەوە لەگەڵ هه‌شت یانەی دیکەش خولی ئیتالیا بكرێت، سەبارەت بە پرسی هەڵئاوسانی سەرمایە بە شێوەیەکی نایاسایی و ساخته‌كردنی زانیاریی گرێبه‌ستی یاریزانان.
ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نییه له ئیتالیا، بابه‌تی له‌م جۆره بێته پێشه‌وه، پێشتر له 2006 چه‌ند یانه‌یه‌كی گه‌وره سزادران، دوای ئاشكرابوونی یاریكردن به ئه‌نجامی یارییه‌كان به هاوكاریی چه‌ند ناوبژیوانێك، ئه‌وكاتیش یاتهكانی “یوڤێنتۆس، ئینته‌رمیلان، ئه‌ی سی میلان، رێجینا، لازیۆ و فیۆرێنتنیا” سزادران.