رێنماییەکان 10 خاڵن

رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر بۆ خۆپاراستن لە ئاو و ئاگر

964+

ژووری هەواڵ

بەرگریی شارستانی هەولێر ژمارەیەک رێنمایی لە 10 خاڵدا بڵاوکردەوە و داوا لە هاوڵاتییان دەکات پێوەی پابەند بن بەمەبەستی خۆپاراستن و رێگەنەدان بە کەوتنەوەی ئاگر لە وەرزی هاوین و زۆربوونی پوشوپەڵاش بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 10.6.2024، بەرگریی شارستانی هەولێر رایگەیاندووە، ئەو رێنماییانە تایبەتە بە هاوڵاتییان بۆئەوەی نەبنە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە دەشتودەر و دەغڵودانەکاندا و بۆ ئەوەی توشی هیچ مەترسییەکی گیانی و ماددی نەبنەوە، هەرەوەها چەند رێنماییەکیشی تایبەت بەو ناوچانە بڵاوکردووەتەوە کە ئاویان لێیە بۆ دووربوونی هاوڵاتییان لە مەترسی خنکان.

رێنماییەکان ئەمانەن:

1 – نابێت به هيچ شێوەیەک ئاگر لە پوشوپەڵاشی بەردەم ماڵ یان دەشتودەر و گۆڕستان و باخ و بێستانەکان بەربدەن، چونکە دەبێتە هۆی رووداوی گەورەی ئاگرکەوتنەوە و زیان بە دەروبەر دەگەیەنێت.

2 – نابێت لهكاتى گەشت و سەيراندا ئاگر له دەشت و چيا و شوێنى گەشتكردندا بکەنەوە، کە قەبارەی ئاگرەکە گەورەبێت یان پاشماوەی ئاگر بەجێبهێڵن، چونکە بەهۆی باوە ئاگرەکە زیاتر بڵاودەبێتەوە.

3 – فڕێنەدانی جگەرە و بەجێنەهێشتنی پاشماوەی خەڵوزی نێرگەلە.

4 – بەکارنەهێنانی یاری ئاگرین لەکاتی سەیراندا، بەتایبەتی لەلایەن منداڵانەوە.

5 – نابێت بە چەکی ئاگرین لە دەشتەکاندا تەقە بکرێت.

6 – فڕێنەدانی بتڵی شوشە و دەبەی ئاو و پاشماوە، یان ماددەی سوتێنەری وەک گاز و بەنزین و نەوت، یان ئەو ماددانەی لە شێوەی جەلین و بۆ کردنەوەی ئاگر و گەشاندنەوەئ خەڵوز بەکاردەهێنرێن.

7 – شۆفێری دەڕاسە نابێت لەناو دەغڵوداندا دەڕاسەکەی چاک بکات، یان لەحیم و کۆسەرە بەکاربهێنێت، یان بە مەبەستی نان دروستکردن ئاگر بکاتەوە، بەڵکو دەبێت لە شوێنێکی دوور لە پوش و دەغڵودانەکەدا بێت و مەترسی نەبێت بۆ کردنەوەی ئاگر.

8 – نابێت ئەوانەی دەچنە نزیک چەم و رووبار و بەنداوەکان مەلە بکەن، یان رێگە بە منداڵەکانیان بدەن لەوێدا مەلە بکەن.

9 – پێویستە دایکان و باوکان لەکاتی گەشت و سەیراندا ئاگاداری ئەو منداڵانە بن کە خاوەن پێداویستی تایبەتن یان داون و ئۆتیزمن، بۆ دووربوونیان لە مەترسی کەوتنە ناو ئاو و خنکان.

10 – گرنگە گەشتیارانی بیانی و خوارووی عێراق ئاگاداری ئەو شوێنانە بن کە گەشتی بۆ دەکەن، بۆئەوەی توشی هەڵدێران لە شاخ یان خنکان لە ئاودا نەبن، چونکە ئاوی ناوچەکانی کوردستان ساردن و چەند مەلەوان بن ساردی ئاوەکە رەنگە ببێتە هۆی گرژبوونی ماسولکە و دەمار و ببێتە هۆی خنکانیان.

لەسەر ئاگرەکەی شارباژێڕ کەسێک دەستگیر کرا

لەسەر ئاگرەکەی شارباژێڕ کەسێک دەستگیر کرا