ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا
لەسەر ئاگرەکەی شارباژێڕ کەسێک دەستگیر کرا
964+
دیلان محەمەد جەزا
ئەمڕۆ لە ناوچەی شارباژێڕ دوو رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبووە و رووبەرێکی بەرفراوان لە پووش و پاوان، دارستانی سروشتی و باخی هاوڵاتیان سووتاوە، کەسێک بەهۆکاری کەوتنەوەی ئاگرێکیان دەستگیر کراوە.
هێمن کەمەرخان بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی بە 964 وت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندی چنگیانی سەر بە ناحیەی سیتەک ئاگرێک کەوتووەتەوە، بەهۆیەوە 50 دۆنم زەوی سووتاوە.
باسی لەوەش کرد، بەهۆی ئاگرەکەوە پووش و پاوان و دار و باخی هاوڵاتیان سووتاوە، لەسەر ئەو رووداوەکە کەسێک دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بەردەوامە.
محەمەد عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ناحیەی گاپیڵۆن بە 964 وت، بەیانی ئەمڕۆ ئاگرێک لە گوندی بایزئاوا کەوتەوە و نزیکەی هەزار دۆنم پووش و پاوان و دارستانی سروشتی سووتاندوە، ئاگرەکە تا گوندی کۆڵەرد هاتووە.
ئارام عەلی وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە 964 وت، ئاگرەکەی ناوچەی شارباژێڕ لە دەوروبەری کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆ دوای نزیکەی 10 کاتژمێر کۆنتڕۆڵ کراوە.
باسی لەوەش کرد، تا ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی گوندی بایزئاوا نەزانراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.