زللەکەتان بینیوە؟

سێڵفییەک ژیانی عەمرو دیاب تاڵ دەکات

+964

پەری ساڵح

ئاهەنگێکی گەورەی بوک زاوا، عەمرو دیابی گۆرانبێژی بەناوبانگی میسری تووشی کێشە دەکات و دەبێتە جێگەی رەخنەی توند.

شەوی شەممەی رابردوو عەمرو دیاب لە ئاهەنگی کچی کەسایەتییەکی هونەری گۆرانی وت، هەوادارێکی سەرسەختی کە لەناو ئاهەنگەکەدا ئامادەبوو، داوای وێنەی سێڵفی لێ دەکات و راستەوخۆ عەمرو دیاب زلـلەیەکی لێدا

هەر چەند کاتژمێرێک دوای ئەو رووداوە، ڤیدیۆی زلـلەکەی عەمرۆ دیاب تەواوی سۆشیال میدیای تەنیوە و بووە ترێندی گەرم و بەر رەخنەی توندیش کەوت.

تاریق شناوی رۆژنامەنووس و رەخنەگەری ناوداری میسری لە لێدوانێکدا بۆ میدیای عەرەبی دەڵێت، نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا هونەرمەند بەو شێوازە بێ ئەدەبی بەرامبەر هەوادار و فانەکانی بنوێنێت، دەبێت بە زووترین کات عەمرو دیاب بە دەنگی خۆی داوای لێبوردن بکات.

باوک و کەسوکاری گەنجەکە، کە ناوی محەمەد سەعد ئوسامەیە، لە رێگای یاساوە داوای مافی کوڕەکەیان دەکەن و دەڵێن لە کەسایەتی دراوە.

پارێزەرەکەی عەمرو دیابیش سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە و دەڵێت، گەنجەکە بە شێوەیەکی نەشیاو دەستی بۆ جلەکانی بردووە.

عەمرو دیاب یەکەمجار نییە کاردانەوەی لەم شێوە پێشان بدات، چەند جارێکی تریش لەسەر رەفتارەکانی بووەتە جێگای رەخنە و توانج و بەزمی سۆشیال میدیا، بەر لە سێ هەفتە، لە ئاهەنگێکدا لە پشتەوە بە ئەندازیاری دەنگەکەی کێشا و دەریکرد.