نزیکەی چوار هەزار بوتڵ بەخشراوە

لە سلێمانی خوێنبەخشین لە زیادبووندایە

964+

پێشەوا محەمەد

لە ماوەی یەک مانگدا لە بانکی خوێنی شاری سلێمانی و نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان، سێ هەزار و 563 بوتڵ خوێن راکێشراوە.

بە پێی ئاماری بانکی خوێنی سلێمانی، لە رێکەوتی 1.5.2024 بۆ 31.5.2024، هەشت هەزار و 134 هاوڵاتی بە مەبەستی بەخشینی خوێن سەردانی بانکی خوێن و نەخۆشخانەکانیان کردووە و سێ هەزار و 563 بوتڵ خوێنیان لێوەرگیراوە.

“خەڵکێکی زۆر سەردانی بانکی خوێن دەکەن بۆ خوێنبەخشین، بەڵام بەشێکیان لە رووی تەندروستییەوە نابێت خوێن بدەن و خوێنیان لێ وەرناگیرێت، چونکە رێژەی خوێن زۆر گرنگە و کەسێک رێژەی خوێنەکەی لە خوار 90ـەوە بێت نابێت خوێن بدات”، ئەوە قسەی کۆچەر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بانکی خوێنە بۆ 964.

وتیشی، “بە گشتی خوێنە زائیدەکان خواستیان لەسەرە و خوێنە ناقسەکان هەم کەم دەبەخشرێن هەم کەمیش داوا دەکرێن”.

مانگی رابردوو 818 بوتڵ خوێن لە نەخۆشخانەی تالاسیمیا و 464 بوتڵ خوێن لە نەخۆشخانەی هیوا و 319 بوتڵ خوێن لەنەخۆشخانەی شار و 107 بوتڵ خوێن لە نەخۆشخانەی مناڵبوون و هەزار و سێ بوتڵ خوێن لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان و 107 بوتڵ لە سەنتری دڵ راکێشراوە.

ئامارەکانی بانکی خوێن دەریدەخەن، پێنج هەزار و 337 پشكنینی هیماتۆلۆجی و چوار هەزار و 46 پشكنینی گرووپی خوێن و سێ هەزار و 903 پشكنینی ڤایرۆسات و هەروەها دوو هەزار و 272 جیاكردنەوەی پێكهاتەكانی خوێن ئەنجام دراوە.

لە سلێمانی پێویست نەبێت خوێنت لێ وەرناگرن

لە سلێمانی پێویست نەبێت خوێنت لێ وەرناگرن