له‌ماوه‌ى قه‌ده‌غه‌دا زیاتر له‌ 50 راوچی ده‌ستگیركراون

پێشنیارى درێژكردنه‌وه‌ى قه‌ده‌غه‌ى راوه‌ماسی له‌ ئیداره‌ى راپه‌ڕین بووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

قه‌ده‌غه‌ى راوه‌ماسی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ى پێنج رۆژ درێژكرایه‌وه‌، به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى 964 پێشنیاری درێژكردنه‌وه‌ى ئه‌م ماوه‌یه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی شاره‌زا و پسپۆڕى بوارى سامانى ماسی بووه‌ له‌ سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین.

له‌ رۆژى 5.3.2024ـەوە تاوه‌كو 15.6.2024 لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ قەدەغەی راوکردنی ماسی  راگەیەندراوە.

شۆڕش كاكه‌ فه‌تحوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ى ئیداره‌ى راپه‌ڕین بۆ 964 ئاشكراى كرد كه‌ پێشنیاری درێژكردنه‌وه‌ى ئه‌م ماوه‌یه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی پسپۆڕ كراوه‌ و پێشنیارێكیان ئاڕاسته‌ى بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری هەرێم كردبوو، كه‌ بەهۆی ئەوەی هەندێک جۆری ماسی کە لە رووبار و کۆگاکانی ئاوی هەرێم بوونیان هەیە و لە ئێستادا ماوەی گەرادانانیان تەواو نەبووە و پێویستیان بە پلەی گەرمی بەرز هەیە بۆ گەرادانان، داوایان كردبوو ماوه‌ى پێنج رۆژ قه‌ده‌غه‌كردنه‌كه‌ درێژ بكرێته‌وه‌.

وتیشی “دیاره‌ ئه‌م پێشنیاره‌ بوو به‌ بڕیارێكى وه‌زارى و له‌ ته‌واوى سنووره‌ ئاویه‌كانى هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ى قه‌ده‌غه‌كردنه‌كه‌ تاوه‌كو رۆژى 20.6.2024 درێژكرایه‌وه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد له‌ رۆژى 21.6.2024 راوكردنى ماسی ئاسایی ده‌بێته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى دارستان و ژینگه‌ى راپه‌ڕین به‌ 964ـى داوه‌، له‌ماوه‌ى قه‌ده‌غه‌ى راوه‌ماسییدا سه‌رپێچییه‌كى زۆر كراوه‌، ته‌نیا له‌ سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕیندا زیاتر له‌ 50 راوچی ده‌ستگیركراون و به‌ده‌یان تۆڕ، به‌له‌م، كه‌ڵك، چۆپ و كه‌لوپه‌لى دیكه‌ش ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه‌.

ئه‌و 50 راوچییه‌ى ده‌ستگیركراون، هه‌موویان ماوه‌ى دوو رۆژ تاوه‌كو هه‌فته‌یه‌ك راگیراون و دواتریش به‌ بڕیاری دادوەر ئازادكراون تاوه‌كو دوابڕیارى دادگا له‌به‌رامبه‌ریان ده‌رده‌چێت.

له‌وه‌ته‌ى قه‌ده‌غه‌ى راوه‌ماسی هه‌یه‌ رۆژانه‌ ...

له‌وه‌ته‌ى قه‌ده‌غه‌ى راوه‌ماسی هه‌یه‌ رۆژانه‌ راوچییه‌ك ده‌ستگیركراوه‌