ناتوانن دەوامی تێدا بکەن
خێرخواز نەخۆشخانەی ژنان و منداڵانی کفریيان تەواو کرد و بێ کارمەندە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
نەخۆشخانەی ژنان و منداڵان لە قەزای کفری، ساڵی پار لەلایەن خێرخوازێکەوە دەستکرا بە دروستکردنی بیناکەی، حەوت مانگە بیناکەی تەواو کراوە و ئەمڕۆ رادەستی تەندروستيی شارەکە کرا، بەڕێوەبەرێکی تەندروستیيش دەڵێت،”کارمەندمان نییە و ناتوانین نەخۆشخانەکە بکەینەوە”.
سامان سەرتیپ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەھید خالید گەرمیانی لە کفری بە 964ـی وت، بینای نەخۆشخانەی ژنان و منداڵانی کفری، لەلایەن خێرخوازێکەوە دروستکرا، مانگی چواری ئەمساڵ کارەکانی تەواو بوو، ئەمڕۆ پێنج شەممە نەخۆشخانەکەمان رادەستکرا.
“ناتوانین نەخۆشخانەکە بخەینە خزمەتی ھاوڵاتیانەوە، چونکە کارمەندی پێویستمان نییە و کەسیشمان بۆ دانامەزرێنن، بەبێ کارمەندیش ناتوانین نەخۆشخانەکە بەشێوەی 24 کاتژمێری بکەینەوە”،سامان سەرتیپ وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە مانگی 12ـەی ئەمساڵ ھەوڵدەدەین نەخۆشخانەکە بەشێوەی دەوامی ئاسایی بکەینەوە بەپێی ئەو کارمەند و پزیشکانەی ھەیانە، بەڵام ناتوانین 24 کاتژمێر بیکەینەوە، بەوجۆرەش نەبێت زۆر سودی نابێت بۆ ھاوڵاتیانی سنوورەکە”.
سامان سەرتیپ وتیشی، جگە لە نەبونی کارمەند، گرفتی کەمی پزیشی منداڵانیشیان ھەیە، بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەکەش پێوستیمان بە 70 کارمەند ھەیە لەھەموو بەشەکان، بەڵێنیشیان پێدراوە بۆیان دابین بکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی