عێراق جامەکەی بردەوە و لە شارە جیاجیاکان ئاهەنگ سازکرا

964+
دیسکی کوردی

لەوە دەچێت لە چارەنووسی عێراق نوسرابێت هەموو خۆشییەکانی بەزە‌حمەت بەدەست بێت، دوای بێنە و بەردەیەکی زۆر لە گێمی دووەمی زیادکراودا یاری کۆتایی جامی کەنداوی 25ی لە هەڵبژاردەی عومان بردەوە بە ئەنجامی 3 بە 2 گۆڵ و بوو بە پاڵەوان.

هەر ئەوەندەی ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا، خەڵکی شارە جیاوازەکانی عێراق رژانە سەر شەقام و ئاهەنگگێڕان دەستیپێکرد، بەڵام لەناو هەموو ئەمانەدا دیمەنە سەیرەکە ئەوە بوو لەهەولێر و سلێمانی و دهۆک، جۆش و خرۆشی خەڵکی هیچی کەمتر نەبوو لەوەی لە بەسرەی خانەخوێ روویدەدا.

لە هەر سێ شارەکە تا درەنگانێکی شەو بە هاوارکردن و هۆڕین لێدان و یاری ئاگرین و بەرزکردنەوەی ئاڵای عێراق و کوردستان خەڵکی ئاهەنگیان دەگێڕا.

ئەم دیمەنە لە هەرێمی کوردستان دیمەنيکی کەم بینراوە، چونکە خەڵکی هەرێم چەند ساڵێکە بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانی هەولێر و بەغداوە خۆی لە هەڵبژاردەی عێراق تەریک کردووە.

دوایەمین خۆشی کە هەڵبژاردەی عێراق بەجەماوەرەکەی بەخشیوە دەگەڕێتەوە بۆ 16 ساڵ پێش ئێستا، ئەو کاتەی عێراق بووە پاڵەوانی ئاسیا، 35 ساڵی رەبەقیشە یاریزانەکانی عێراق چێژیان لەبردنەوەی جامی کەنداو وەرنەگرتووە.

بەپاڵەوانبوونی ئەمجارەی عێراق هاوسۆزییەکی زۆری خەڵکی کوردستانی بۆ هەڵبژاردەکە دروستکرد، رەنگە ئەوەش هۆکاری خۆی هەبێت، دیارترینیان (شێرکۆو ئاسۆو رێوان) سێ کوڕە کوردەکەی ناو هەڵبژاردەکە نهينی گەورەی ئەو گرێدانەوەیە بوون، بەتایبەتی کە هەرسێکیان لەیاری کۆتاییدا بەشدارییان کردو میدالیای پاڵەوانیان کرایە مل.

عێراق بردیەوەو کورد، لەگەڵ عەرەبە نیشتەجيبووەکانی هەرێم خۆشی زۆریان دەربڕی، خۆشی بردنەوەی هەڵبژاردەکەیان دەریخست هەردوو نەتەوەکە لە بۆنەیەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی بڵێن گرێ و ناکۆکییە سیاسەکان کار لەپێکەوە ژیانی ئەوان ناکات