دەڵێن، ئەشکەوتیان رووخاندووە

ژینگەپارێزانی دەربەندیخان گردبوونەوە؛ کانەبەردەکان بچنە دەرەوەی قەزاکە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ئەمڕۆ شەممە 8.6.2024، ژمارەیەک ژینگەپارێزی قەزای دەربەندیخان، لەبەردەم قایمقامیەتی قەزاکە گردبوونەوە دژ بە کانەکانی دەرھێنانی بەرد لە شاخەکانی قەزای دەربەندیخان، ئەوان دەڵێن “ژینگە و سروشتی شاخەکانیان تێکداوە”.

ژینگەپارێزانی دەربەندیخان دەیانەوێت کانەکانی بەرد لە شارەکە دابخرێن.

بیلال حەسەن، یەکێک لە ئەندامانی رێکخراوی سروشتی کوردستان بە 964ى وت، “کانە بەردەکان سروشت و ژینگەی شاخی گوڵانیان تێکداوە، چەندین داری بەتەمەن لەو شاخەدا ھەن و دیمەنێکی جوانیان بە قەزای دەبەندیخان بەخشیوە، بەڵام ئێستا بەشێکی شاخەکەیان وێران کردووە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەشکەوتی کونەبا لە شاخی گوڵاندایە، بەھۆی کارکردنی ئەو کانەبەردانە بەشێکی ئەشکەوتەکە لە ناوەوە رووخاوە و تێکچووە، دەمانەوێت مۆڵەتی ئەو کانەبەردانە نوێنەکرێتەوە و ببرێنە دەرەوەی شار و لەوێ کارەکانیان بکەن، ھەروەھا ناچار بکرێن قەرەبووی ئەو زیانە ژینگەییانە بکەنەوە”.

ئەو ژینگەپارێزانە دەڵێن، “ئەگەر داواکاریەکانییان جێبەجێنەکرێت، ئەوا ھەڵمەتی ناڕەزایەتییەکان فراوانتر دەکەن و چالاکییەکان دەبەنە ئاستێکی تر”.

پەیامنێری 964 پەیوەندیکرد، بە سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.

قایمقامیەتی قەزاکە، پێش گردبوونەوەی ژینگەپارێزان رووونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، تێدا دەڵێت، “سەرجەم کانەبەردەکانی سنوری قەزای دەربەندیخان ئێستا داخراون، تاوەکو ئەو کاتەی رێکاری یاسایی و پاراستنی ژینگەیی پەیرەو دەکرێت تیایاندا”.

لە روونکردنەوەی قایمقامیەتی قەزاکە دەشڵێت، “ئێمە ئێستا بە بەڵگەوە لە کۆتایی کارەکانمانداین و ھیچ رێکخراوێکی ژینگەیی ھاوکارییان نەکردووین، ھەربۆیە ھیوادارین لەم کۆتاییەدا ھیچ رێکخراوێکی ژینگەیی کارەکانی قایمقامیەت و فەرمانگەکانی شارەکە بەلاڕێدا نەبەن”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

بەنزینفرۆشتن لەسەر شەقامەکانی دەربەندیخان قەدەغەکرا

بەنزینفرۆشتن لەسەر شەقامەکانی دەربەندیخان قەدەغەکرا