"غەدرم لێکراوە" "
قوتابییەکی وەرزشوان لە هەموو وانەکان 100ی هەیە تەنیا وەرزش نەبێت
+964
عومەر فەتاح – سەیدسادق
رەند رزگار قوتابی پۆلی شەشەم لە قوتابخانەی سورێنی سەیدسادق، لە تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵدا لەسەرجەم وانەکاندا 100 نمرەی هێناوە، بەڵام تەنیا لەوانەی وەرزشدا 97ی بۆدانراوە و نەبووەتە یەکەم، ئەمەش لە کاتێکدا خۆی وەرزشوانە و چەندان مەدالیای هەیە.
قوتابییەکە ماوەی پێنج ساڵە لە بەشی کاراتێی یانەی وەرزشیی سەیدسادقە و توانیویەتی لە چەند پاڵەوانیەتییەکی کوردستان و ئێران بەشداریی بکات نۆ مەدالیای جۆراوجۆری بەدەستهێناوە.
رەند بە 964ی وت “غەدرم لێکراوە و 100 نمرەیان لە وەرزش بۆ دانەناوم، چونکه هەموو وانەیەکی وەرزش بەشداری چالاکییەکانم کردووە و غیابیش نەبووم، تەنانەت بە زمانی بەڕۆژوەوە تۆپی پێ و باسکەم کردووە”.
ئەو قوتابییە داوا لەبەرپرسانی پەروەردە و قوتابخانەکەی دەکات، نمرەکەی بۆ بکەن بە 100 و وەک خۆی دەڵێت “هەقەکەی بۆ بگەڕێننەوە”.
لە روونکردنەوەیەکیشدا کە لە پەڕەی تایبەتیی خۆیان بڵاویانکردووەتەوە، قوتابخانەی سورێن ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن ئەو نمرانە لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی قوتابیان دانراوە، لە چالاکی وانەی وەرزشدا قوتابی باشتر لەو قوتابییە هەبووە.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، وانەی وەرزش لەسەر ئاستی پۆل و بەشداری لە چالاکی و پابەندبوونە بە کات و رێنماییەکانەوە، هەروەها بە جلوبەرگ و ئاستی جەستەیی و ژیری و هەڵسوکەوتی قوتابییەوە بەندە، کە تەنیا مامۆستا ئەو شتانە دەبینێت و تۆماری دەکات.