چارەسەر چییە؟

بارانە زۆرەکەی ئەمساڵ دارگوێزەکانی راپەڕینی نەخۆش خست

+964

ژێوار خدر – راپەڕین

دار گوێزەکانی دەڤەری راپەڕین تووشی جۆرێک کەڕوو بوون و جوتیارێکی ناوچەکەش دەڵێت، کاریگەریی دەبێت لەسەر بەرهەمی گوێز لە ناوچەکە و پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بەرهەمی گوێزییان زۆر کەمتر بێت بەراورد بە ساڵانی رابردوو.

محەمەد بایز، جوتیارێکی دۆڵی شاورێیە، قسەی بۆ 964 کرد و وتی: “هەموو دارگوێزەکانی دۆڵی شاورێ و ناوچە شاخاوییەکان، تووشی جۆرێک نەخۆشی بوون، کە پەڵەیەکی رەش هەم لە سەر گەڵای دارەکە و هەمیش لەسەر بەری دارگوێزەکان دروست بووە”.

روونیشیکردەوە، ئەوان سەردانی کشتوکاڵی راپەڕینیان کردووە، پێیان راگەیاندوون نەخۆشییەکە جۆرێک لە کەڕووە و ئەو ساڵانە بڵاودەبێتەوە، کە بارانی زۆر و بەردەوام ببارێت.

وتیشی، “نەخۆشییەکە وادەکات گوێزەکە بە تەواوی رەش بێت و ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر بەرهەمی ئەمساڵمان و پێشبینی دەکەین ئەمساڵ بەرهەمێکی کەمترمان هەبێت لە ساڵانی رابردوو”.

“لە کشتوکاڵی راپەڕین پێیان وتین، ئێمە هەر چارەسەرێکتان پێ بڵێین وەک ئەوە وایە بمانەوێ دەرمانەکانی خۆمان ساغ بکەینەوە، چونکە نەخۆشییەکە هیچ چارەسەرێکی نییە، بەڵام نەخۆشییەکی کاتییە و بە بەردەوامی زیان بە دارەکە ناگەیەنێت، بۆ ساڵی داهاتووش ئەگەر کەشوهەوا لەباربێت دارەکان کێشەیان نابێت”، محەمەد بایز وای وت

964 بۆ زانینی هۆکاری سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە و چارەسەرەکەی پەیوەندی کرد بە خالید قادر لە ڕێنمایی کشتوکاڵی بیتوێن، ئەو وتی، “نەخۆشییەکە جۆرێکە لە کەڕوو و ئەو ساڵانەی بارانی زۆر دەبارێ لەناو بەرهەمەکانی وەکو گوێز و خۆخ و قەیسی و هەڵوژەدا بڵاودەبێتەوە، بەهۆی زۆری رێژەی شێ هەندێک جار گەڵای دارەکە یان بەرەکەی یانیش هەردووکی بەیەکەوە پەڵەیەکی رەشیان لەسەر درووست دەبێت.

خالید قادر وتیشی: ئەوە یەکەم جار نییە ئەم نەخۆشییە بڵاوبێتەوە و ساڵانی رابردووش هەبووە، سەبارەت

بە چارەسەری نەخۆشییەکەش رایگەیاند، نەخۆشییەکە چارەسەری هەیە و دەبێت بە دەرمانی تایبەت بەم کەڕووە  لە سەرەتای بەهاردا دارەکان بڕشێنرێن بۆ ئەوەی لەو جۆرە کەڕووە بپارێزرێن،  ئێمەش وەک کشتوکاڵی راپەڕین داوا لە جوتیاران دەکەین کە سەردانی کشتوکاڵی راپەڕین بکەن و بۆ ئەوەی بەپێی جۆری کەڕووەکە، رێنماییان بکەین و پێیان بڵێین چ جۆرە دەرمانێک بەکاربهێنن گونجاوە بۆ رشاندنی نەمامەکانیان و چارەسەرکردنیان.

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەیەکە باس لە ژمارەى جیاوازى وشکبوونى سنەوبەرەکانى غاباتى رانیەش دەکرێت، هەندێ لایەن پێیان وایە نەخۆشییە و هەندێکى دیکە بۆ هۆکارى گۆڕانکارى کەشوهەوا و چەند هۆکارێکى دیکە دەیگێڕنەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

غاباتى رانیە کەرەنتینە دەکرێت؟

غاباتى رانیە کەرەنتینە دەکرێت؟