هەرێمی کوردستان بە نیازە میوانداریی مۆندیال بکات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵلا – هه‌ولێر

سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نوێ “كۆنیفا” ده‌كات، داواكاریی كوردستانیش بۆ میوانداریكردنی پاڵه‌وانیه‌تیی كۆنیفا پێشكه‌ش ده‌كات.

بڕیاره‌ رۆژی 27ـی ئه‌م مانگه‌، تاریق عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نوێ بكات، كه‌ به‌ “كۆنیفا” ناسراوه‌ و فیدراسیۆنی هه‌رێمه‌كان له‌ جیهان له‌خۆ ده‌گرێت.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ شاری مادیسۆن له‌ ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سه‌رۆكی فیدراسیۆنی كوردستان به‌ فه‌رمی بانگهێشتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كراوه‌.

جه‌لال سه‌عید ئه‌ندام و وته‌بێژی فیدراسیۆنی كوردستان به‌ تۆڕی 964ـی وت، سه‌رۆكی فیدراسیۆنی كوردستان به‌ شێوه‌ی ئۆنلاین له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌شداریی ده‌كات.

وتیشی: “فیدراسیۆنی كوردستان دۆسیه‌ی خۆی ئاماده‌كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ فه‌رمی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داوای میوانداریكردنی پاڵه‌وانیه‌تیی كۆنیفای 2024 بكات”.

هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێیه‌وه‌ له‌ فیدراسیۆنی كۆنیفا ئه‌ندامه‌، پێشتریش له‌ فیدراسیۆنی “ڤیڤا” ئه‌ندام بوو، هه‌روه‌ها له‌ 2012 هه‌رێمی كوردستان میوانداریی جامی ڤیڤای بۆ هه‌رێمه‌كان كرد و هه‌ر خۆیشی نازناوه‌كه‌ی برده‌وه‌.

پاڵه‌وانیه‌تیی جامی کۆنیفا چوار ساڵ جارێک دێته‌ ئه‌نجامدان و هه‌ڵبژارده‌ی ژماره‌یه‌ك هه‌رێم به‌شداریی ده‌كه‌ن، كه‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نین.