ئەنجامی لیژنەکە گەڕایەوە

“ئەو قوتابییەی 98ی لە وانەی هونەر هێنابوو منداڵی مامۆستا بووە”

964+

ئاکام غەفور – سۆران

لە دوای حەوت رۆژ لە پێکهێنانی لیژنە لەسەر (کارت)ی دەرچوونی قوتابیەکی رواندز، کە نیگەرانی دروستکردبوو، کەسوکاری پێیان وابوو لەوانەی هونەر غەدری لێکراوە، ئەمڕۆ  ئەنجامی بەدواداچونی لیژنەکە گەڕایەوە پەروەردەی سۆران، پەروەردەش دەڵێت، “لە پۆلەکەی ئەو هیچ قوتابییەک نمرەی 100ی نەهێناوە”.

بەگوێرەی بەڵگەنامەی دەرچوونەکەی (کارت) بێت، قوتابییەکە لە وەرزی یەکەم و لە هەڵسەنگاندنی سێیەم، لە 25 نمرە 23 نمرەی بەدەستهێناوە و تێکڕای نمرەکەی 97 بووە، لە وەرزی دووەمیش لە هەڵسەنگاندنی چوارەم لە 25 نمرە 24 نمرەی بەدەستهێناوە و تێکڕای نمرەکەی بووە بە 99 نمرە، کاتێکیش نمرەی کۆتایی هەردوو وەرزەکەی بۆ گەڕاوەتەوە بە 98 لە 100 دەرچووە.

ئەمڕۆ چوارشەمە 29.5.2024، ئەنجامی لیژنەی بەدواداچون دەرچوو، رۆمان عەزیز، بەڕێوبەری کاروباری تەکنیکی پەروەردەی گشتی سۆران، قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، ”بەدواداچوونی ورد بۆ کارتی ئەو قوتابیە کراوە، دەرکەوت کە هیچ غەدرێک لە قوتابییەکە نەکراوە”.

ئەو باسیلەوەکرد، ”داتای ئەمساڵی وانەی هونەری قوتابخانەکەمان وەرگرت، دەرکەوت مامۆستاکە بۆ هیچ قوتابییەک نمرەی تەواوی دانەناوە تەنیا ئەو قوتابیە نەبووە”.

بەوتەی بەڕێوەبەری کاروباری تەکنیکی پەروەردەی سۆران، “لە سۆشیال میدیا وا باسدەکرا، کە ئەو قوتابیە غەدری لێ کراوە. چونکە منداڵی مامۆستا نەبووە، قوتابییەکی تر کراوە بە یەکەم کە منداڵی مامۆستا بووە، بەڵام دەرکەوت ئەو قوتابیەی یەکەم بووە منداڵی کەسێکی کاسبە، ئەو قوتابیەی کە بووە بە دووەم منداڵی مامۆستای قوتابخانەکەیە، بەمەش گومانەکان بە تەواوی رەوینەوە لە سەر ئەو بابەتە”.

ئەو قوتابیەی نیگەرانی هەبووە لە نمرەی وانەی هونەری، ناوی شیا محەمەد- ە، لە قوتابخانەی رەزانی بنەڕەتی کوڕانی پەروەردەی رواندز، کارتی دەرچوونی نیگەرانی لای خێزانەکەی دروستکرد و گەیشتە سۆشیال میدیاش، دەوترا “غەدری لێ کراوە، لە وانەی هونەر و 98ـی بۆ دانراوە لە 100″، لە وانەکانی دیکەش نمرەی تەواوی هێناوە و سەرجەم نمرەکانی 100 بوون.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

بۆ دوو نمرەی قوتابییەک پەروەردەی سۆران لیژنەی بەدوادا...

بۆ دوو نمرەی قوتابییەک پەروەردەی سۆران لیژنەی بەدواداچوونی دروستکرد