تا چەند مانگێکی دیکە

کارەبا دەگەیەنرێتە هەموو گوندەکانی گەرمیان

964+

بەهرە محەمەدئەمین

کارەبا دەگەیەنرێتە ٢٤ گوندی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بەمەش هیچ گوندێک لە گەرمیان نامێنێت کارەبای نیشتیمانی پێ نەگەیشتبێت.

پرۆژەی گەیاندنی کارەبای نیشتیمانی بە 24 گوند لە گەرمیان، یەکێکە لە پرۆژەکانی وەزارەتی کارەبا، بە گوژمەی سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار، لە ماوەی ساڵێکدا لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەکە ئەنجامدەدرێت.

لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، 42 گوند هەبوون کە کارەبای نیشتیمانیان پێ نەگەیشتبوو، بە تەواوبوونی ئەم 24 گوندە لەمساڵدا، هیچ گوندێک لە سنوری ئیدارەی گەرمیاندا نامێنێت بە بێ کارەبا.

ئالان ئەرکان محەمەد، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان، بە 964ـی وت، بەهۆی دووری گوندەکان لە سەرچاوەکانی کارەبا و قەیرانی داراییەوە تا ئێستا کارەبا نەگەیەنرابووە ئەو گوندانە.

وتیشی، “ماوەی پڕۆژەکە ساڵێکە و لە ئۆکتۆبەری پارساڵەوە دەستی پێکردووە، ئەگەر بە هۆی درێژی وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ، ماوەکەی درێژ نەکرێتەوە، ئەوا چەند مانگێکی دیکە تەواو دەبێت”.

964 لە کارەبای گەرمیانەوە دەزانێت، ئەو گوندانە لەمەوبەر هەندێکیان حکومەت مۆلیدەی بۆ دابینکردبوون و بەشێکیشیان خۆیان دابینیانکردووە.

دابەشکردنی کارەبا لە گوندەکان، جیاوازە لە بەرنامەی ناوشار، لە وەرزی گەرمادا، بە دوو خشتە لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ تا نزیک 4:00ی ئێوارە، دواتریش لە کاتژمێر 7:00ی ئێوارە تا 5:00 بەیانی کارەبای نیشتیمانیان پێ دەدرێت.

کارەبای گەرمیان دوو پیکابی دەوێت بۆ گەیاندنی کارەبا بە...

کارەبای گەرمیان دوو پیکابی دەوێت بۆ گەیاندنی کارەبا بە 24 گوند