دەستەی وەبەرهێنان: چیتر بە هەڕەمەکی مۆڵەت بە پڕۆژە نادرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

دەستەی وەبەرهێنان بۆ ساڵی 2023 “نەخشەی وەبەرهێنان” لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات. دەستەکە دەڵێت، ئەو نەخشەیە کۆتایی بە پڕۆژەی هەڕەمەکی دەهێنێت.

دەستەی وەبەرهێنان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەبەرهێنان لە کوردستان نەخشەی وەبەرهێنانیان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ساڵی 2023 پەسەند کردووە.

پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان بە 964+ـی راگەیاند: نەخشەی وەبەرهێنان بریتییە لە بەرچاوڕوونیی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و دەستەی وەبەرهێنان بۆ پێویستی پڕۆژەکانی لە شار و شارۆچکەکان بۆ وەبەرهێنان.

دەشڵێت؛ نەخشەکە واقیعبینی ناوچەکان دەکات و پڕۆژەکان بە پێی هەڵکەوتەی شوێنەکان رادەگەیەنێت، بەوەش چیتر پڕۆژەی ئارەزوومەندانە و هەڕەمەکی لە هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ دێت.

دەستەی وەبەرهێنان لە ساڵێ رابردوودا مۆڵەتی بە 89  پڕۆژەی وەبەرهێنان داوە بە سەرمایەى 2 ملیار و 135 ملیۆن و 418 هەزار و 819 دۆلار.

“هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان نەخشەی خۆیان پێشکەش کردووە هەر پڕۆژەیەک مۆڵەتی پێ بدرێت نابێت لە دەرەوەی پلانی نەخشەکە بێت”، پشتیوان حەمەسەعید وای وت.