ئاگاداری ئەم 10 شوێنە بن

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵ: دەرمانە جنسییەکان مادەی شاراوەیان تێدایە

964+
ئەحمەد مستەفا

“ئەو بەرهەمانەی بۆ زیادکردنی ئارەزووی سێکسیی پیاوان بە ئۆنلاین یان لە دوکانە بەناو گیادەرمانییەکان دەفرۆشرێن، مادەی شاراوەیان بە بڕێکی زۆر تێدایە”، ئەمە قسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی کوالێتی دەرمانە لە هەرێمی کوردستان.

بە بڕوای ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، “بەکارهێنانیان مەترسیی گەورە لەسەر کۆئەندامی سوڕان، دڵ، جگەر و گورچیلەکان دروستدەکات و رەنگە مردنی کتوپڕی لێبکەوێتەوە”.

بە بانگەشەی هەڵە و نازانستی دەرمان دەفرۆشن

ئەمڕۆ شەممە 25.5.2024، (بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی کوالێتی دەرمان لە هەرێمی کوردستان KMCA)، لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ 964 ناردووە، ئاماژە بەوەدەکات، “لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دوکانەکانی فرۆشتنی بەناو گیادەرمان، بە بانگەشەی هەڵە و نازانستی، کۆمەڵێک بەرهەمی رێگەپێنەدراو بەناوی بەرهەمی سروشتی و گیاییەوە بۆ زیادکردنی ئارەزووی سێکسی و گەورەکردنی چووک دەفرۆشرێن”.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، “لە کاتێکدا ئەو بەرهەمانە پڕن لە ماددەی شاراوە، کە بەپێی راپۆرتی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA)، ئەو بەرهەمانە مەترسیدارن، چونکە ماددە و دەرمانی شاراوەی وەک (سێڵدینافیل، تادالافیل، ڤێردینافیل، ئاڤانافیل و نۆرتادالافیل)یان بە بڕێکی زۆر تێدایە، کە بەکارهێنانیان مەترسیی گەورە لەسەر کۆئەندامی سوڕان، دڵ، جگەر و گورچیلەکان دروستدەکات و رەنگە مردنی کتوپڕی لێبکەوێتەوە”.

ئاگاداری ئەم 10 شوێنە بن

بەڕێوەبەرایەتییەکە داواکاری هەیە و نوسیوویەتی، “هاوڵاتییانی خۆشەویست، پێویستە ئاگاداربن کە ئەو بەرهەمە ساختانە رەنگە لە رێگای کەناڵە جیاوازەکانەوە بۆ فرۆشتن پێشکەشبکرێن، لەوانە؛ ئینتەرنێت، بازاڕە گەورەکانی ئۆنلاین، سۆشیال میدیا، ئیمێڵ، پۆست، ساڵۆن، دەرمانخانە، دووکانی گیادەرمانی، بەهاراتفرۆشەکان، کۆگای خۆراک”.

“هاوڵاتییانی ئازیز ئاگاداردەکەینەوە کە بەرهەمی دەرمانسازی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی لەڕێی راوێژی پزیشکی پسپۆڕ وەربگرن و دەرمانیش دوای راوێژی دەرمانساز لە دەرمانخانەکان بکڕن، تەنها ئەو دەرمانانە بەکاربهێنن کە ستیکەری کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان – وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە” KMCA وا دەڵێت.

دەرمانخایەک بە دەرمانی حکومەت خەریکی پارە پەیداکردن ب...

دەرمانخایەک بە دەرمانی حکومەت خەریکی پارە پەیداکردن بووە

کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان ئاستی زانستیی فەرمانبەرانی پێشد...

کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان ئاستی زانستیی فەرمانبەرانی پێشدەخات