حاسڵاتی ئەمڕۆ

ئەم هەفتەیە ناوی پاڵێوراوەکانی سەرۆکی ئێران دەردەکەون

964+

ژووری هەواڵ

بەپێی دەستوری ئێران 45 رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئێران، ئەم پێنجشەممەیە 30 ئایار پرۆسەی ناونوسینی پاڵێوراوەکان دەست پێدەکات و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، دەبێ هەتا رۆژی 9ی تەمموز سەرۆک کۆماری نوێ دیاری بکرێت.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز نوسیوێتی: سەعید جەلیلی گەورە دانوستانکاری ئێران لە سەردەمی حکومەتەکەی ئەحمەدی نەژادو کەسی نزیک لە عەلی خامەنەیی، یەکێکە لە بەهێزترین پاڵێوراوەکان بۆ شوێنگرتنەوەی سەرۆکی ئێران.

غولام عەلی جەعفەری زاد پەرلەمانتاری پێشووی ئێران گومان دەخاتە سەر گێڕانەوەی رەسمی هۆکاری کەوتنە خوارەوەی کۆپتەرەکەو دەڵێت: تەمومژێکی زۆر لە دەوری رووداوەکە هەیەو هێشتا روون نییە، ناکرێ بەوەندە باوەڕ بکەین کە راگەیەندراوە.

فەدا حسێن مالیکی ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: لەناو خەڵکدا بە چڕی باسی ئەوە دەکرێت کە کەوتنە خوارەوەی کۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێران دەستی لەپشتەوە بووە، بۆیە دەبێت لێکۆڵینەوەکان بەردەوام بن.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەڵێن: لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا هێزە ئەمنییەکان ئەو وڵاتە دەیان کەسیان دەستگیر کردووە بەهۆی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان لە کۆڕو کۆبوونەوە گشتییەکان خۆشییان دەربڕیوە بۆ گیان لەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی.

ژمارەیەک چالاکوانی ئێرانی لەبەردەم شوێنی پرسەکەی رەئیسی لە لەندەن خۆپیشاندانیان ئەنجامداو دروشمیان دژی رژێمی ئێران وتەوە، لەبەرامبەردا لەلایەن لایەنگرانی حکومەتی ئێرانەوە هێرش کرایە سەریان، پۆلیسی لەندەن رایگەیاند: بەهۆی ئەو هێرشەوە چوار کەس بریندار بوون.