کوشتن و رووداوى هاتوچۆى تێدایە
هەینى ئاگر و خنکان
964+
وریا فەتاح
لەگەڵ هەموو رۆژێکى هەینى وەرزى گەرما، خنکان و ئاگرکەوتنەوە و رووداوى هاتووچۆ، دەبن بە هەواڵى میدیاکان و تێکدانى پشووەکە، تەنیا ئەمڕۆ هەینى دوو کەس لە ئاودا خنکاون و دوو کەس بە رووداوى هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و برایەکیش دەستى چووەتە خوێنى براکەی و ئاگریش ژمارەیەک جوتیارى دەستخەڕۆ کرد، لە هەولێریش خەریکە ئاگر نابێت بە هەواڵ.
رووداوەکانى ئەمڕۆ هەینى بەو شێوەیەیەن:
سەرەتا لە هەولێر بەیانى ئەمڕۆ، له سنوورى كهسنهزان كاركردنى وهستایهكی ئایزوگام و بەکارهێنانى پەرەمێز بووە هۆى سوتانى کۆگایەکى كهلوپهلى پاككهرهوه.
زۆرى بەسەر هەواڵەکەى کەسنەزاندا نەچوو، لە ناحیەى تەکیەى کاکەمەند، گەنجێک کە هەر تەنیا خۆى بووە کۆنتڕۆڵى ئۆتۆمبێلەکەى لەدەستدەدات و وەردەگەڕێت، بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدات.
دواتر لە شارى کەرکوک ئاگر لە باڵهخانهى هۆتێلێك بهناوى پلازا کەوتووە و شۆرتى کارەبا هۆکارەکەى بووە.
هەر کە دوانیوەڕۆى هەینى دێت، خەڵک دەچنە دەرەوە بۆ گەشت و سەیران، بەڵام هەندێ جار خۆشى و شادى دەبێت بەشین و گریان، چونکە هەینى نییە بەبێ خنکان تێبپەڕێت.
لە ئاوى گوندى گەرماڤا لە سنوورى دهۆک، مێردمنداڵێکى تەمەن 13 ساڵ کە لەگەڵ چەند هاوەڵێکى چووە بۆ گەشت و گەڕان، لەوێ چووەتە ناو ئاوەوە و خنکا.
بەدواى ئەم رووداوەدا، لە کەرکوک گەنجێکى تەمەن 16 ساڵ لە ئاوى بەنداوى خاسەى کەرکوکدا خنکا و ئەو هاوڕێیانەشى لەگەڵى بوون هەموویان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران.
هەر بەم هەینییە، کێشەى زەوى و زار لە گوندى خەیزەرى قەزاى خورماتوو، دوو برا دەکات بە گژ یەکتریدا و بەهۆیەوە برا بچووکەکە بە چوار گولـلە برا گەورەى دەکوژێت.
جوتیارانیش دەستیان لەسەر دڵیانە تا بەرهەمەکانیان هەڵدەگرنەوە، بەڵام وادیارە هیچ هەینییەک بەبێ زیان بۆ ئەوان تێناپەڕێت، ئەوەتا لهدهشتى بهرانهتى بههۆى ههورهبروسكهوه ئاگر لهناو كێڵگه گهنمهكانى سنوورەکە کەوتەوە و بەهۆیەوە 200 دۆنم زەوى داچێنراو بەگەنم بوو بە سووتوو.
لە خورماتووش ئاگرێک کە کەس نازانێت چۆن دروستبووە، 200 دۆنم زەوى دیکەى دوو ئامۆزا دەسوتێنێت و بە قسەى خۆیان بێت 60 ملیۆن دینار زیانیان پێگەیشتووە.
رەنگە رووداوێکى هاتوچۆ لە کەلار ببێتە کۆتایى نەهامەتییەکانى ئەمڕۆ کە لە نێوان بارهەڵگرێک و ماتۆڕسکیلێکدا روویدا، بەهۆیەوە لێخوڕى ماتۆڕسکیلەکە گیانى لەدەستداوە و کەسێکیش بریندارە.
ئەم رووداوانە تەنیا لە ماوەى 8:00ـى بەیانى بۆ 11:00ـى شەو روویانداوە.