حاسڵاتی ئەمڕۆ
“گومان هەیە ئیسرائیل دەستی لە تێکشکانی کۆپتەرەکەی رەئیسیدا هەبێت”
964+
ژووری هەواڵ
لە ناو ئاپۆرای هەزاران کەسدا، دوای چوار رۆژ، ئەمڕۆ تەرمی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە زێدی خۆی لە شاری مەشهەدی ئێران بە خاک سپێردرا، لەماوەی چوار رۆژدا تەرمەکەی رەئیسی بەچەند شارێکی ئێراندا گەڕێندراو خەڵکێکی زۆر دوا ماڵئاواییان لێکرد.
سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئێران لەیەک کۆپتەردا گیانیان لەدەستدا، بەڵام لە ناشتندا لە یەک جیاکرانەوە، ئەمیر عەبدوڵاهیان لە گۆڕستانی شا عەبدولعەزیم لە تاران بەخاک سپێردرا، ئەو گۆڕستانەی سیاسەتمەدارو هونەرمەندەکانی ئێرانی تێدا بەخاک دەسپێردرێت.
کەسوکارەکەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودس ئەمڕۆ ئەنگوستیلەکەی قاسم سولەیمانیان لەگەڵ تەرمی ئەمیر عەبدوڵاهیانی وەزیری دەرەوەی ئێران بەخاک سپارد، وەک هێمایەک بۆ ئەو دۆسیتایەتییەی لەنێوان سولەیمانی و عەبدوڵاهیاندا هەبووە.
رۆژنامەی جمهوری ئیسلامی نووسیویەتی: کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی رەئیسی لەنزیک سنووری نێوان ئێران و ئازرەبایجان ئەگەری ئەوە بەهێز دەکات کە ئیسرائیل دەستی هەبووبێت لەو رووداوەدا، چونکە جموجۆڵی ئیسرائیل لەو ناوچەیە زۆرە.
مقۆمقۆی ئێران و تورکیا کۆتایی نایەت لەسەر ئەوەی کێ تەرمەکەی سەرۆک کۆماری ئێرانی دۆزیوەتەوە، تورکەکان دەڵێن درۆنەکەی ئێمە بووە، ئەمڕۆش جارێکیتر دەسەڵاتدارانی ئێران وتیان درۆنە تورکییەکە هیچی بۆ نەدۆزراوەتەوە و بەدەستی بەتاڵ گەڕاوەتەوە.
میدیا ئێرانییەکان دەڵێن: بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا پەیوەندیکردووە بە محەمەد موخبیر سەرۆکی کاتیی ئێرانەوە و پێی وتووە خۆم دێم بۆ تاران بۆ ئەوەی پرسەنامە بگەیەنم بە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە.