زانکۆی سەوز

لە زانکۆی کۆیە چیتر ئۆتۆمبێلی بەنزین نامێنێت

964+

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

لە پلانی ستراتیژیی پێنج ساڵەی زانکۆی کۆیەدا یەکێک لە کۆڵەگەی ئەو پلانە بریتییە لە پڕۆژەی (زانکۆی سەوز)، کە خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە، کە پێکهاتووە لە دابینکردنی 12 پاسی ئەلیکترۆنی بۆ هاتوچۆکردنی فەرمانبەران و مامۆستایان و قوتابیان. هەروەها بەکارهێنانی وزەی سروشتی ئەویش بە بەکارهێنانی ئامێری وزەی خۆر بۆ بەش و دەزگاکانی زانکۆ.

دابینکردنی چەند وێستگەیەکی پاسکیل و سکۆتەری کارەبایی بۆ هاتوچۆکردن لە ناو کەمپی زانکۆ، هەروەها فراوانکردنی پەنجەرە و دەرچە rووناکییەکان، بۆ ئەوەی زیاتر تیشكی خۆر بێتە ژووەرەوە و کەمتر کارەبا سەرفبێت. گلدانەوەی ئاوی ئاوەڕۆ و باراناو دواتر لە رێگەی ئامێرێکەوە پاڵفتە دەکرێت و دەکرێتە ئاوی سازگار بۆ ئەوەی جارێکی تر بەکاربێت بۆ ئاودانی نەمام و سەوزایی زانکۆی کۆیە.

موحەممەد کەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی کۆیە، بە 964ی وت، “قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، 12 پاسی ئەلیکترۆنی و وەزیری خوێندنی باڵاش 100 ملیۆن دیناریان بۆ پرۆژەکە دابینکرد. پڕۆژەکە زۆر فراوانە و گلدانەوەی ئاو و زیادکردنی سەوزایی و تاقەی شەمسی و پاسکیلی کارەبایی و سکۆتەری کارەبایی و نەهێشتینی ئۆتۆمبێلی بەنزین و گشت هاتوچۆیەکانی ناو زانکۆ دەبێتە کارەبایی و چیتر بەنزین ناسوتێنین”.

وتیشی، پڕۆژەکە لە بواری جێبەجێکردندایە، و لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی چینی پەیوەندیان بەستووە بۆ ئەوەی ئەو پاسە ئەلیکترۆنییەکان دابینبکەن و بەزووترین کات جێبەجێبکرێت، پلانەکە لە ماوەی پێنج ساڵدا جێبەجێدەکرێت.

پاسە ئەلیکترۆنییەکان و پاسکیل و سکۆتەرەکان چەند وێستگەیەکیان بۆ دادەنرێت لە ناو کەمپی زانکۆ، کە دەتوانرێت لە ویستگەیەکەوە بۆ وێستگەیەکی تر بەکاربهێندرێت بۆ ئەوەی هەموو فەرمانبەران و قوتابیان بەکاریبێنن بێ ئەوەی بتوانن بچنە دەرەوەی کەمپی زانکۆ لە رێگەی سیستەمی (GPS) قوفڵ دەبێت، هەروەها نرخێکی رەمزیش دادەنرێت بۆ هەموو هاتوچۆیەکانی ناو کەمپی زانکۆ.

یەکێکی تر لە کارەکانی پڕؤژەی زانکۆی سەوز، دروستکردنی بەنداوێکە بۆ گلدانەوەی ئاوی باران، سوودبینین لە بەکارهێنانی بۆ مەبەستی ئاودانی سەوزایی و دارەکانی زانکۆ. هەروەها دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو و ئاوەڕۆی پاشماوەکانی زانکۆ و پاڵفتەکردنی لە رێگەی ئامێری پێشکەوتوو و دووبارە بەکارهێنانەوەی بۆ مەبەستی ئاودان.

زانکۆی کۆیە لە ساڵی 2003 دامەزراوە، دەکەوێتە دامێنی شاخی هەیبەتسوڵتانەوە بە جۆرێک دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی شاخاوی لەخۆیبگرێت، زانکۆی کۆیە لە ساڵی 2010 لە سیستەمی کۆلێژەوە گۆڕدرا بۆ سیستەمی فاکەڵتی، بە مەبەستی زیاتر بەرەوپێشبردنی بوارە ئەکادیمییەکان.

پێداچوونەوە: هاوبەش

سەرۆکی زانکۆیە و دەستبەرداری نەخۆشەکانی نەبووە

سەرۆکی زانکۆیە و دەستبەرداری نەخۆشەکانی نەبووە