سەردانی تیمە ئەندازیارییەکە بۆ سنوری دەربەندیخان _ وێنە: هاتوچۆی دەربەندیخان
تیمێکی ئەندازیاریی چوون
چوار چارەسەر بە سلێمانی درا تا تەنکەرەکانی دەربەندیخان رۆن نەڕژن
964+
ئەحمەد مستەفا
تیمێکی ئەندازیاری پارێزگای سلێمانی سەردانی رێگەی دەرچوون لە قەزای دەربەندیخان- یان کرد بە ئاراستەی سلێمانی، هاتوچۆی قەزاکە چوار پێشنیاری پێداون وەک چارەسەکردنی کێشەی رژانی رۆن لە بارهەڵگرەکانەوە.
پێشنیارەکان ئەمانەن؛
یەکەم: زیاتر تەرکیزکردنی پاڵاوگەکان لەسەر بڕی سووتەمەنی، کە دەدرێ بە تانکەرەکان بە رەچاوکردنی سەختی رێگاکان.
دووەم: دروستکردنی رەمپەی تایبەت لەناو پاڵاوگەکان و لەسەر رێگاکان بۆ چەیککردنی تانکەرەکان بە مەبەستی زانینی لێڕژانی سووتەمەنی لە تانکەرەکانیان پێش گەیشتن بە هەورازەکان.
سێیەم: دانانی چەیک ۆڵف بۆ دەرچەی تانکەرەکان، بە مەبەستی رێگەدان بە دەرچوونی گازی پەنگخواردووی ناو تانکەرەکان، لە هەمان کات رێگربێ لە رژانی نەوت لێیانەوە.
چوارەم: دڵنیا بوونەوە لە کوالێتی لاستیک و واشەری سەر تانکی بارهەڵگرەکان، لە ناو پاڵاوگەکان پێش دەرچوونیان بۆ سەر رێگاکان.
بەهۆی رژانی سووتەمەنی تانکەرەوە دیسان ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بوو
چەند جارێکە، هاتوچۆی قەزاکە و شۆفێرانی ئەو رێگەش ماندوو دەستی رژانی رۆن دەبن لەلایەن بارهەڵگرەکانەوە، جگە لە دروستکردنی ئاستەنگی هاتوچۆ بووە بە هۆکاری رووداوی هاتوچۆ و زۆرجاریش بە کاتی رێگەی چوون و هاتن بە کاتی داخراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 20.5.2024، مقەدەمی هاتوچۆ پشتیوان عابد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان بە 964ی وت، “ئەو پێشنیارانەی دراون بە لیژنەکە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی رژانی سووتەمەنی بووە لە سنووری کاری بەڕێوەبەرێتیمان، بەتایبەتی لە هەردوو هەورازی نزیک گوندی سێدارە و گوندی رێژنە”.
تیمە ئەندازیارییەکە لەسەر پێشنیاری هاتوچۆی قەزاکە سەردانی رێگەکەیان کردبوو، بە قسەی بەڕێوەبەرەکەی، “لە هەردوو شوێنەکە بە وردی گرفتەکان بۆ تیمەکە ئەندازیارییەکە باسکراوە، بەڵێنیان پێداون بەزووی لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و سامانە سروشتییەکانەوە کار بکەن لەسەر رێگە چارەسەرییەکان”.