لە سلێمانى
گیان لەدەستدانى سەرۆک کۆمارى ئێران بازاڕى تمەنى گەرم کردووە
964+
رێژوان قادر- سلێمانى
بەهۆى رووداوى تێکشکانى کۆپتەرەکەى سەرۆک کۆمار و وەزیرى دەرەوەى ئێران، بازاڕى تمەن ناجێگیرە و دابەزینى بەخۆیەوە بینى، وتەبێژى بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانیش پێى وایە، لە دورمەودادا بەهاى تمەن بەرز دەبێتەوە و ئەمڕۆش لە بازاڕدا مامەڵەکردن بە تمەن گەرمە.
جەبار گۆران، بە 964ـى وت،”رووداوەکە شڵەژانى لە بازاڕى تمەنى ئێرانیدا دروستکردووە، لە کاتژمێر 12:00ـى نیوەڕۆى ئەمڕۆ، بەهاى 100 دۆلار بەرامبەر 5 ملیۆن و 770 بۆ 800 هەزار تمەن، بەشێوەى حەواڵە مامەڵەى پێوە دەکرێت و بەشێوەى نەقدیش 100 دۆلار بە 5 ملیۆن و 700 هەزار تمەنە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، راگەیاندنى پێنج رۆژ ماتەمینى لە ئێران و داخستنى بۆرسەکان و ئەگەرى داخستنى دەروازە نێودەوڵەتییەکان، کاریگەرى راستەوخۆ دەکاتە سەرتمەن و رەنگە بەهاکەى لەدەست بدات.
بە وتەى جەبار گۆران، ئەو دۆخەى تمەن کاتییە، لە درێژمەودادا کێرڤى تمەن بەرز دەبێتەوە، چونکە سیاسەتى دارایى ئێران گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە و بڕیاردراوە ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ دراوسێدا بکات بە تمەن ئەوەش وادەکات کە خواست لەسەر کرینى تمەن بەرز ببێتەوە و ببێتە هۆى بەرزبوونەوەى بەهاکەى.
“بەهۆى ئەوەى کەلێنى بەرزو نزمى تمەن زۆرە، بازاڕى تمەن گەرمە و مامەڵەى زۆرى پێوە دەکرێت”، وتەبێژى بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانى واى وت.