دوکاندارەکان ناڕازین
دهۆک چاو لە هەولێر دەکات و پەردەى دوکانەکان لادەدات
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
هاوشێوەى هەولێر، لە دهۆکیش بڕیاردرا کە چیتر دوکاندارەکان پەردەى دوکانەکان لە دواى خۆیان جێنەهێڵن و لە کاتى داخستن پێویستە کۆى بکەنەوە و کەلوپەلەکانیان ببەنە ژوورەوە، بەڵام دوکانداران لەو بڕیارە ناڕازین.
ئەو بڕیارە دواى ئەوە دێت لە ماوەى رابردوودا لە دهۆک و هەولێر ئاگر لە چەند بازاڕێک کەوتەوە و بەهۆیەوە سەدان دوکان سوتان.
دوکانداران ناڕازین لە بڕیارەکە و دوکانەکانیان داخستووە و لەبەردەم باڵەخانەى پارێزگاى دهۆک گردبوونەتەوە.
بیکار بەربوهاری، یەکیکە لە دووکاندارەکانی بازاری دهۆک ناڕازییە لە بڕیارەکە و بە 964ـى وت، دوکانەکانمان زۆر بچوکن و داوامان لێکراوە لە دواى خۆمان شتەکان ببەینە ژوورەوە و پەردە لێبکەینەوە و دەڕابە دابدەینەوە، ئەوەش بۆ ئێمە زۆر قورسە چونکە ناتوانین هەموو کەلوپەلەکان ببەینە ژوورەوە.
دوکاندارەکانى دهۆک، کاتێک ئێواران دەڕۆنەوە کەلوپەلەکان لە دەرەوە جێدەهێڵن و پەردەیەکى پێدا دەدەن، بە وتەى سەگڤان کۆچەر، کە دوکاندارێکى دیکەى دهۆک و قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت، رازی نین بەو بڕیارە و داوامان کردووە ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرێت.
پێشتر لە پارێزگاى هەولێر هەمان بڕیار دەرکرا و دوکاندارەکان پابەندکران کە پێویستە دواى خۆیان پەردەکان هەڵبگرنەوە و کەلوپەلەکان ببنە ژوورەوە. ئەوەش بەهۆى ئەو رووداوە ئاگرکەوتنەوانەى لە چەند شوێن و بازاڕێک کەوتەوە و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى تەشەنەکردنى ئاگرەکان ئەو پەردانەبوون کە لەبەردەم دوکانەکان هەڵواسرا بوون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح