''بازرگانێکی مەترسیداری مادەی هۆشبەر بوو''
فەوجی سەرۆکایەتی کۆمار لەسەر ئەو سەربازەیان هاتە دەنگ بە مادەی هۆشبەرەوە گیراوە
+964
ژووری هەواڵ
فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای دووی سەرۆکایەتی کۆمار روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە لەسەر ئەو سەربازەیان کە بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراو دەڵێن: کارمەندەکە کاتی دەستگیرکردنی لە دەوام نەبووەو بە راکردوو حیسابە.
دوێنێ دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئاشکراکردنی تۆڕێکی گەورەی مادەی هۆشبەری راگەیاند، لەناو ئەوانەدا کەسێک هەبوو کە لە فەوجی سەرۆکایەتی کۆمار بوو.
لە راگەیەنداراوەکەی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقدا هاتووە: ئەو کەسە کارمەندە لە فەوجی ”سەرۆکایەتی کۆمار”، تۆڕێکی بازرگانی لاوەکی دروستکردووەو 10 کیلۆ مادەی هۆشبەری لە بازرگانە نێودەوڵەتییەکە وەرگرتووە، لە شوێنی کارەکەی لە بەغدا مادە هۆشبەرەکەی شاردووەتەوە، کاتێک گرتویانە کیلۆیەک کریستاڵی پێ بووە.[راگەیەندراوەکە دەڵێت فەوجی ریئاسی، بەڵام لە بەغدا تەنیا بەفەوجەکەی سەرۆکایەتی کۆمار دەڵێن فەوجی ریئاسی].
کەمێک لەمەوبەر فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای دووی سەرۆکایەتی کۆمار روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەوە بڵاوکردووەتەوەو کۆپییەکی بۆ 964 نێردراوە، تیایدا هاتووە: ”بۆ رای گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنین ناوبراو لە پشووی فەرمی خۆیدا بووە کاتێک کە دەستگیرکراوە نەک لە کاتی دەوامی فەرمیدا… داخلی هروب کراوە و بەنوسراوی فەرمی ئاگاداری سوپا سالاری عێراق کراوەتەوە کە ناوبراو نەگراوەتەوە بۆ دەوام، پاشان لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەربازی پێکهێنراوەو سەرجەم رێکارە یاساییە سەربازیەکان دژی گیراوەتە بەر”.
ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دەستگیرکردنی باندێکی مەترسیداری مادەی هۆشبەر رادەگەیەنێت
دەقی رونکردنەوەکەیە کە بۆ 964 هاتووە:
روونکردنەوەیەک لە فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای دووی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق
لە بەرواری 6/1/2024 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەربازێک بەناوی (ز.ع) کە سەربازی فەوجی یەکی لیوای دووی سەرۆکایەتی کۆمارە، لەکاتی پشووی خۆیدا بووەو دەستگیر کراوە لەسەر مادەی هۆشبەر.بۆیە بۆ رای گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنین ناوبراو لە پشووی فەرمی خۆیدا بووە کاتێک کە دەستگیر کراوە نەک لە کاتی دەوامی فەرمیدا.
دەبوو لە بەرواری 2024/1/13 دەوامی فەرمی بکات، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی سزادراوە بە شێوەیەکی فەرمی و لە بەرواری 2024/1/28 داخلی هروب کراوە و بەنوسراوی فەرمی ئاگاداری سوپا سالاری عێراق کراوەتەوە کە ناوبراو نەگراوەتەوە بۆ دەوام، پاشان لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەربازی پێکهێنراوەو سەرجەم رێکارە یاساییە سەربازیەکان دژی گیراوەتە بەر.
بەپێی رێکارەکانی لیواکانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، هەر سەربازو کارمەندێک 14 رۆژ دەوامی فەرمی هەیەو 14 رۆژیش پشووە، بۆیە ناوبراو کاتێک دەستگیراوە لە پشووەی خۆیدا بووە، سەرجەم بەڵگە سەربازییەکان پارێزاوەو پشتی راستی دەکاتەوە کە ناوبراو لەدەوامدا نەبووە کاتێک دەستگیرکراوە.
عەقید روکن
زێرەڤان فتحی محەمەد
فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای دووی سەرۆکایەتی کۆمار
بەرچاوروونی: لە روونکردنەوەکەی فەوجەکەی سەرۆکایەتی کۆمار ناوی تەواوی سەربازەکە هاتووە، بەڵام 964 تەنیا پیتی یەکەمی ناوی خۆی و باوکی هێشتەوە.