مرداربوونەوەى نەورەسێک لە دەریاچەى دوکان - وێنە: وەرگیراوە
سۆراغى 964
دەردى نەورەسەکان “ئەنفلەوەنزاى باڵندە نییە”
964+
وریا فەتاح
لەم دوو سێ رۆژەدا، لە زارى “جەنابى وەزیر”ـەوە جۆرى ئەو دەرد و نەخۆشییەى تووشى نەورەسەکان هاتووە رادەگەیەنرێت، بەڵام 964 پێتان دەڵێت، ئەنفلەوەنزاى باڵندە نییە، لیژنەیەکیش لە بەغداوە هاتوون نەورەسەکان ببینن.
10 رۆژ لەمەوبەر، 964 مرداربوونەوەى بەکۆمەڵى نەورەسەکانى بڵاوکردەوە، بە شێوەیەک لە ماوەى سێ رۆژدا بە هەزاران نەورەس مرداربوونەوە، ئەمەش خێرا لایەنە پەیوەندیدارەکانى بردە دوورگەى نەورەسەکان لە سنوورى دەریاچەى دوکان و بەرى کۆسرەت و بنگرد و چوارقوڕنە، کە نیشتمانى نەورەسەکانە.
هەر زوو ڤێرتێرنەرى راپەڕین چوون سامپڵیان وەرگرت و بۆ تاقیگەى سلێمانى و تاقیگەى ناوەندى ڤێرتێرنەرى هەرێم لە هەولێر، ناردیان، بەڵام وا 10 رۆژە ئەنجامەکان هیچ دەنگێکیان نییە.
سۆراغ بۆ ئەنجامى پشکنینەکان گەیشتن بە کوێ؟
سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڤێرتێرنەری راپەڕین بە 964ـی وت،”ئێمە لە رانیە تاقیگەى پێشکەوتوومان نییە، سامپڵەکانمان ناردووە و چاوەڕێین”.
لە بارەى دواکەوتنى ئەنجامى پشکنینەکان، سەعد تەیب باسى لەوە کرد، هەندێجار پێویست بەوە دەکات پشکنین دووبارە بکرێتەوە، چونکە هەندێک حاڵەت گوماناوییە، بۆیە پێویستە سامپڵى زیاتر وەربگیرێت، چونکە بڕیاردان لەسەر ئەنجامى نەخۆشى ئاسان نییە.
964 بەدواى پشکنینەکاندا رۆیشت، هەر بۆیە لەگەڵ دکتۆر بێجان ئەحمەد دزەیى، بەڕێوەبەرى تاقیگەى ناوەندى ڤێرتێرنەرى لە هەولێر قسەى کرد و ویستى لە بارەى ئەنجامى پشکنینەکانەوە زانیارى لێ وەربگرێت، ئەو باسى لەوەکرد، تائێستا ئیش لەسەر پشکنینەکان دەکەن و نەگەیشتوون بە کۆتایى.
“مەبدەئیەن، خەڵک گومانى بۆ ئەنفلەوەنزاى باڵندە دەڕوات، بەڵام ئەو شتانە نییە و هەتا ئێستا پشکنینەکانیشمان بەردەوامن”، دکتۆر بێجان واى وت.
لەبارەى دواکەوتنى ئەنجامى پشکنینەکان، بەڕێوەبەرى تاقیگەى ناوەندى وتى،”چەند نەخۆشییەک هەیە کە پەیوەندییان بە تەندروستیى خەڵک و سامانى ئاژەڵ و ئابەورى هەرێمەوە هەیە، بۆیە دەبێت بە وردى پشکنین بکەین و تەواوى گومانەکان لاببەین، ئێمە گومانى هەموو شتێک دەکەین تا دەگەین بە ئەنجام، بەڵام کە گەیشتین بە ئەنجام وەک رەش و سپى وایە و ناتوانرێت لێکدانەوە و شرۆڤەى بۆ بکرێت”.
بە قسەى دکتۆر بێجان بێت، نەخۆشییەکە “خەتەر نییە”، بەڵام راگەیاندنى ئەنجامى پشکنینەکان وەک ئەو دەڵێت،”لاى جەنابى وەزیرە”، کە مەبەست لێى وەزیرى کشتوکاڵە.
بەشێکى دیکەى سامپڵەکان نێردراون بۆ ڤێرتێرنەرى سلێمانى، هەر بۆیە 964 ویستى بزانێت لەوێ چ باسە، قسەمان لەگەڵ دکتۆر ئارى، بەڕێوەبەرى ڤێرتێرنەرى سلێمانى کرد، پێمان وت ئەنجامى پشکنینەکان گەیشتووە بە کوێ، ئەویش وتى،”جەنابى وەزیر رایدەگەیەنێت”.
964 چەند جارێک هەوڵیدا لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لەسەر ئەو بابەتە قسە بکات، بەڵام بەردەست نەبوو.
دوێنێ لە لایەن لیژنەیەکى ڤێرتێرنەرى راپەڕینەوە لە دوورگەیەکى سنوورەکە سەرجەم نەورەسە مردارەوەبووەکان کە ژمارەیان 500 دانە بوو، کۆکرانەوە و بە شێوەیەکى زانستى سووتێنران و بەخاک سپێردران، وەک ئەوەى سەعدى تەیب باسى کرد، ئەوە دوورگەیەکى بچوک بووە ئەگینا مرداربوونەوەکە بە هەزارانە.
ماوەى دوو رۆژیشە لیژنەیەکى ڤێرتێرنەرى لە بەغداوە هاتوونەتە سلێمانى و بە شێوەی مەیدانى سەردانى دوورگەى نەورەسەکانیان کردووە و دەیانەوێت رووداوەکە ببین و لە دەرەنجامەکانى بکۆڵنەوە.