زیاتر لە دوو ساڵە هیچ پارکێک لە هەولێر دروست نەکراوە
+964
شۆڕش عبدولستار – هەولێر
شاری هەولێر خاوەنی 20 پارکی گەورەیە، بەڵام بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان دەڵێت ماوەی دوو ساڵ و نیوە هیچ پارکێک لە هەولێر دروست نەکراوە.
+964 زانیویەتی شاری هەولێر خاوەنی 450 پارک و باخچەیە، لە نێویاندا 20 پارکی گەورە هەن.
رێبین ئەحمەد، بەرێوەبەڕی ئەندازەی پارکەکانی شاری هەولێر بە +964ی وت “ئەگەرچی لە ساڵی رابردوو شارەوانی هەولێر زیاتر لە 303 هەزار درەخت و گوڵی چاندووە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە پارک و سەوزایی ژمارەی کەمە”.
شارەوانی هەولێر لە ئامارەکانی ساڵی رابردوو رایگەیاند، کە رێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر 19%یە.
لەیلا محەمەد، بەرپرسی راگەیاندن و هۆشیاری لە ژینگەی هەولێر بە 964+ی راگەیاند “ژینگەی هەولێر، بە تەواوی تێکچووە و بووەتە هۆکاری چەندین نەخۆشی بۆ هاوڵاتیان، کەمی باخچە و پارک یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەو پیسبوونە”.
لەیلا پێی وایە، ژمارەی پاڵاوگە نایاساییەکان لە سەرووی 100 پاڵاوگە دەبێت، کە بوونەتە هۆکاری پیسی ژینگەی هەولێر.
بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکانی حکومەت، لە شاری هەولێر نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هەیە، جگە لەوە پێنج هەزار مۆلیدە و دوو هەزار و 500 کارگەی هەیە.
بەپێی خوێندنەوەکانی ئەپڵیکەیشنی AQAir، رێژەی پیسی هەوای هەولێر ئەمڕۆ 18ی کانوونی دووەم، 163 پلەی پیسی هەوایە، لە کاتێکدا رێژەی ئاسایی نابێ لە پەنجا بەسەرەوە بێت.
ریزبەندی بۆ پیسی ئاو و هەوا لە سفرەوە دەستپێدەکات تاوەکو 500. کەمترین ژمارەکان خاوێنترین ژینگەکانی ژیانکردنن.