تا سایلۆى کەلار دەکرێتەوە
جوتیارانی کەلار داوا دەکەن رێگای خورماتوویان بەروودا بکرێتەوە
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
ژمارەیەک لە جوتیارانی کەلار گردبوونەوە و داواکارن رێگاکانی خواری عێرەقیان بەروودا بکرێتەوە بۆ ئەوەی گەنمەکانیان ببەنە سایلۆکانی ئەو ناوچانە بەتایبەت سایلۆى خورماتوو، یاخود سایلۆی کەلاریان بۆ بکرێتەوە.
مەریوان حەسەن، یەکێکە لەو جوتیارانە بە 964ـى وت،”ھەفتەی پێشوو تۆنێک گەنم 700 ھەزار دیناری کردوە، ماوەی سێ رۆژە رێگای زینانە گیراوە و رێگە نادەن گەنم ببەینە سایلۆی دووزخورماتوو، هەر بۆیە ئەمڕۆ تۆنێک گەنم بە 550 ھەزار دینار فرۆشراوە”.
بە وتەى ئەو جوتیارانە، ئەمڕۆ گەنمیان ناردوە بەڵام لە رێگا گەڕاندویانەتەوە و نەیانھێشتوە بڕواتە دووز ئەوەش زیانى لێداون چونکە دەبێت پارەى بارهەڵگرەکانیش بدەن.
ئەو جوتیارانە داوا دەکەن، یان رێگای خواری عێراقیان بۆ بکرێتەوە یان سایلۆی کەلار زوتر بکرێتەوە.
کاروان رەئوف، بەڕێوەبەری سایلۆی کەلار پێشتر بە 964ـى وتبوو، بەغدا مامەڵە لەگەڵ دانەوێڵەی سلێمانی دەکات ئێمەش سەر بە سلێمانین، ناتوانین پێش وەختی خۆی کە کە 1.6.2024ـە سایلۆی کەلار بکەینەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح