سێ هەزار و 500 مامۆستا لە وانە وتنەوە دوورخرانەوە
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
لە سەرەتا خوێندنی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، سێ هەزار و 500 مامۆستای وانەبێژ لە ئەرکەکانیان دوورخراونەتەوە، بە قسەی نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ.
عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە 964+ی وت “دوورخستنەوەی مامۆستایانی وانەبێژ تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لە سەرەتای ساڵی خوێندنی 2022-2023 تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 500 مامۆستای وانەبێژ دوورخراونەتەوە.
عەلی رەئوف زیاتری وت، هۆکاری دوورخستنەوەیان رێکخستنی میلاکاتە، هەروەها ئەو مامۆستایانەی موڵەتی دایکایەتی یان مۆڵەتی خوێندنیان وەرگرتووە دەگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە “بەڵام ناکرێت مامۆستای وانەبێژ بە ئاسانی دووربخرێنەوە، پێویستە بگوازرێنەوە بۆ قوتابخانەیەکی تر، ناکرێت دوای چەند ساڵێک لە خزمەتکردن بە ئاسانی دووربخرێنەوە”.
بەگوێرەی ئاماری نوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن، کە دیار نییە چارەنوسیان چی دەبێت.
“باشترین چارەسەر ئەوەیە وانەبێژان بکرێنە گرێبەست یان هەمیشەیی تا لەو کێشەیە رزگار بن، هەموو وانەبێژان بەردەوام ترسیان لەوە هەیە دووربخرێنەوە، ئێمە لەسەر خەتین لەگەڵ وەزیری پەروەردە و ئەنجومەنی راژە تا بڕیارێکی کۆتایی لەبارەی چارەنوسی مامۆستایانی وانەبێژ دەربکرێت” عەلی رەئوف وای وت.
بەپێی زانیارییەکانی 964+، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە، وانەبێژان بکرێنە گرێبەست یان هەمیشەیی.
هەفتەی رابردوو، حکومەتی عێراق بڕیاریدا، سەرجەم وانەبێژانی خۆی دابمەزرێنێت، ئەوەش هیوای بۆ وانەبێژانی کوردستان گەڕاندووەتەوە، کە حکومەتی هەرێمیش هەمان هەنگاو بنێت.