ناوچەی پیشەسازی كۆنی دهۆك دەكرێت بە پارك

+964
هێڤی دێوالی- دهۆك

ناوچەی پیشەسازی كۆنی دهۆك، دەڕوخێنرێت و دەكرێت بە پاركی نیشتیمانی و هەفتەی داهاتووش پیشەوەرانی ناوچە پیشەسازییەکەی دهۆک لە ناو شوێنی نوێ کە بۆیان تەرخانکراوە ئۆتۆمبێلی خەڵک چاکدەکەنەوە..

ناوچە پیشەسازییەکەی گەڕەکی بەرۆشکێی دهۆک تێکدەدرێت و دەکرێتە پارک، شارەوانی شارەکەش ناوچەیەکی دیکەی بۆ ناوچەی پیشەسازی دەستنیشانکردووە..

ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی دهۆك بە+964ـی راگەیاند: دەمانەوێت دیمەنی شار جوانتر بكەین و هەوڵبدەین  شوێنە گشتییەكان بۆ هاوڵاتییان زیاتر بكەین.

لە دهۆک، شەش پارک هەیە، بەو پارکە گەورەیەش دەبێتە حەوتەمین پارک کە لەو شارەدا دروستبکرێت.

پێشتر شارەوانی دهۆك شوێنێكی نوێی بۆ ناوچەی پیشەسازی دهۆك دورستكردبوو کە دەکەوێتە باكوری شاری دهۆكەوە پێنج كیلۆمەتر لە سەنتەری شارەکە دوورە.

وا بڕیارە 26ـی ئەم مانگە تەواوی دوكانەكانی ناوچەی پیشەسازی كۆن دوكانەكانیان چۆڵبكەن كە تەنها پەنجا دووكانی تێداماوە و دەچنە ناوچە پیشەسازیە نوێكەوە.

ناوچەی پیشەسازی كۆن له‌سه‌ر 42 دۆنمە، هەمووی دەڕوخێنرێت و لە سەرەتای مانگی شوباتدا دەستدەكرێت بە دروستكردنی پاركەكە.

ناوچەی پیشەسازی نوێی دهۆك لەسەر رووبەری 690 هەزار مەتر دووجایە بە گوژمەی 62 ملیۆن دینار دروستكراوەو پێكدێت لە دوو هەزار دوكان.