دیمەنی چەند ئۆتۆمبێلێکی بەرگری شارستانی هەولێر لە بەردەم بازاڕی قەیسەری _ وێنە: 964
ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری
بۆ زانینی قەبارەی زیانەکان لیژنە پێکهێنراوە
964+
توانا نەقی
ئاگرەکەی دوێنێ شەوی بازاڕی قەیسەری جگە لەوەی چەند کەسێکی بریندار کرد زەرەرو زیانێکی زۆری مادیشی لێکەوتووەتەوە و بۆ زانیینی قەبارەی زیانەکانیش لیژنە پێکهێنراوە.
دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هەر ئەمڕۆ لیژنەکانیان دەستبەکار دەبن بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەکان بزانن و هەروەها هۆکاری کەوتنەوەی ئەو ئاگرە گەورە ئاشکرا بکەن.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشکرد، نەک هەر ئەم ئاگرە دەبێت لێکۆڵینەوەی جدی بکەن لەسەر ئەو رووداوە زۆرانەی ئاگر کەوتنەوە کە لە هەولێر دەکەوێتەوە و بۆ رایگشتی ئاشکرای دەکەن.
سەبارەت بە هۆکارەکان وتی، بەشێکی کەمتەرخەمی هاوڵاتیان و خاوەن دوکانەکانە کە بە پەڕۆ شتومەک دادەپۆشن و بەشێک لە کاڵاکانیان لەدەرەوەی دوکانەکانیان بەجێ دەهێڵن.
شەوی رابردوو ئاگرێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر، پۆلیس، ئاسایش، تیمەکانی تەندروستی، زێڕەڤانی و شارەوانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دوای نزیکەی چوار کاتژمێر توانرا کۆنترۆڵ بکرێت.
تاوەکو ئێستاش تیمەکانی بەرگری و شارستانی و فریاگوزاری لە بەردەم بازاڕی قەیسەری هەولێێر ماونەتەوە.