14 ساڵه‌ بە چڕی راوى ئاسك ده‌كرێت

له‌چه‌ند گوندێكی سنوورى سه‌نگاو ئاسكه‌كان به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سنوورى گونده‌كانى ناحیه‌ى سه‌نگاوى سه‌ر به‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ، ئاسكه‌كان به‌ره‌و کەمبوونەوە ده‌چن، هۆكاره‌كه‌شی وه‌ك هاوڵاتییه‌ك و رێكخراوێكی ژینگه‌یی باسیده‌كه‌ن، راوكردنیان بووه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵك به‌تایبه‌تیش به‌رپرسه‌كانه‌وه‌.

سه‌عید ئیسماعیل حسێن، هاوڵاتى گوندى ئاوایی فه‌قێ مسته‌فا و خاوه‌نى ماسته‌ر له‌ باخدارى به‌ 964ـى وت، تاوه‌كو ساڵى 2010 دۆخى ئاسكه‌كان له‌ سنوورى گونده‌كه‌یان و به‌شێك له‌ گونده‌كانى دیكه‌ى سه‌نگاو باش بووه‌ و به‌رێژه‌یه‌كی زۆر ده‌بیندران، به‌ڵام له‌دواى ئه‌م ساڵه‌وه‌ وورده‌ وورده‌ به‌ره‌و کەمبوونەتەوە.

وتیشی “هۆكارى سه‌ره‌كى کەمبوونەوەیان راوكردن بووه‌ له‌لایه‌ن راوچییه‌كانه‌وه‌ و ئێستا به‌ده‌گمه‌ن ئاسك له‌و سنووره‌دا ده‌بیندرێت”.

باس له‌وه‌شده‌كات، ئه‌و خۆى بینیویه‌تى كه‌ 10 تاوه‌كو 15 ئاسك به‌یه‌كجار راوكراون و خه‌ڵكیش هه‌بووه‌ به‌چكه‌ ئاسكی گرتووه ‌و فرۆشتویه‌تی به‌ به‌رپرسه‌كان.

لایخۆشییه‌وه‌ مه‌عروف مه‌جید، سه‌رۆكى رێكخراوى ئایینده‌ بۆ پاراستنى ژینگه‌، نایشارێته‌وه‌ كه‌ ئاسك به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌و سنووره‌ كه‌مبووه‌ته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ وه‌كو پێویست له‌لایه‌ن پۆلیسی دارستان و ژینگه‌وه‌ پارێزگاریان لێناكرێت.

وتیشی “تاوه‌كو ساڵى 2010 چاودێرییه‌كى تووند له‌لایه‌ن پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ له‌سه‌ر ئاسكه‌كان هه‌بوو و رێژه‌یه‌كى به‌رچاو له‌ ئاسك له‌و سنووره‌ ده‌بیندران، به‌ڵام دواتر و تا ئێستاش به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر ده‌چێت”.

باس له‌وه‌ده‌كات وه‌ك پێی ئاگادارن‌ تاوه‌كو 400 ئاسك له‌و سنووره‌ راوكراون و چه‌كى جۆراوجۆر و درۆنیش بۆ راوكردنیان به‌كارهێندراوه‌.

ئاشكراشی ده‌كات، كه‌ به‌شێك له‌وانه‌ى راوى ئاسكیان كردووه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ به‌رپرسه‌كان بوونه‌ یان ئه‌وانه‌ى له‌ به‌رپرسه‌كانه‌وه‌ نزیكن.

وه‌كو رێكخراوه‌كه‌شی پێشتر داوایان كردووه‌ كه‌ سزاى راوچییانى ئاسك ته‌نیا پێبژاردنى پاره‌ نه‌بێت، به‌ڵكو به‌ندكردنیان یاخود هێنانه‌وه‌ى ئاژه‌ڵێكی هاوشێوه‌ بێت كه‌ راوی كردووه‌.

"ئاسكه‌كانى گه‌رمیان مه‌ترسی نه‌مانیان له‌سه‌ره‌"