ئەوقافی کۆیە چی دەڵێت؟
مامۆستا ئایینییە لادراوەکەی کۆیە پەنا دەباتەبەر خۆپیشاندان و سکاڵا
+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
ئەو مامۆستایەی لە وتار و پێشنوێژی مزگەوتی مەدینەی قەزای کۆیە دوورخراوەتەوە، هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ بەشداری لە خۆپیشاندانەکان و گردبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی، هەروەها دەڵێت پەنا دەباتە بەر خۆپیشاندان.
مامۆستا هێمن محەمەد (هێمن بۆگدی)، پێشنوێژ و وتارخوێنی لەکارلادراوی مزگەوتی مەدینە، بە 964ی وت، ”هۆکاری لەکارلادرانم سیاسییە و پەیوەندی بە بەشداریکردنم هەیە لە خۆپیشاندانەکانی مامۆستایانی ناڕازی و تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ بۆ نەدانی موچە و قوت و بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم.“
وتیشی، “ئێمە سکاڵای خۆمان لە شاری هەولێر تۆمار دەکەین و گردبوونەوە و خۆپیشاندانینش ئەنجام دەدەین لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی کێشەکە، بە پێی ئەو سزایەی بۆم دیاری کراوە راژەکەی منیان گواستووەتەوە لە کۆیەوە بۆ قەڵادزێ“.
964 پەیوەندی بە عەبدوڵڵا ئەنوەر، بەڕێوەبەری ئەوقافی کۆیە کرد و لە بارەی ئەو کێشەیەوە وتی، ” ئەو مامۆستایە بە پێی رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف نەجوڵاوەتەوە، بە پێی ئەو بابەتانەی لە وتاری هەینی لە لایەن ئەوقافەوە بۆی دابین کراوە، جێبەجێی نەکردووە، بۆیە لە لایەن وەزارەتی ئەوقافەوە سزادراوە و راژەکەی گواستراوەتەوە بۆ سنووری راپەڕین”.
وتیشی، ”ئەو مامۆستایە برا و خۆشەویستی ئێمەیە، بەڵام هەر کەس رێنماییەکان جێبەجێ نەکات، سزا دەدرێت”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا