"جوتیار هەیە هیچی بۆ دەرنەچووە"
لە چەند گوندێکی قەراج بارینی تەرزە زیانێکی زۆری بە گەنمی جوتیاران گەیاندووە
964+
فەهمی نەبی
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بارینی تەرزە زیانی بە دەغڵودانی جوتیارانی چەند گوندێکی سنووری قەراج گەیاندووەو لە هەندێک گوند زیانی بە تەواوی گەنمەکە گەیاندووەو وەک جوتیارەکان دەڵێن، “خێری هیچی پێوەنەماوە”.
غازی فەیسەڵ جوتیارێکی گوندی عەلیە رەشە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، کاتژمێر 2:00ی دوای نیوەڕۆ تەرزەیەکی بەهێز باری و زیانێکی زۆری بە دەغڵودانی جوتیاران گەیاند، بەجۆرێک هەندێک جوتیار هیچیان بۆ دەرنەچووە.
ئەوەشی وت، بەشێک لە جوتیاران نیوەی گەنمەکانیان بەهۆی تەرزەوە زیانی بەرکەوتووە، ئەمەش لەبەر ئەوەی دەنکی تەرزەکە گەورە بوو و لە هەندێ شوێن بارینی تەرزە خێری هیچی پێوە نەهێشتووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست 964 کەوتووە، داغڵودانی هەریەکە لە گوندەکانی بەردە سپی، قەڵاتە سۆران و عەلیە رەش بەهۆی تەرزەوە زیانیان پێگەیشتووە.
ناحیەی قەراج سەربە قەزای مەخمورە لە رۆژئاوای شاری هەولێر.