مارە زەبەلاحەکەی دەربەندیخان بێ سۆراخە
میدیازان – محەمەد عومەر – هەڵەبجە
چەند رۆژێکە دەنگۆی هەبوونی مارێکی ترسناکی دورودرێژ لە ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بڵاوبووەتەوە، بەڵام بەڕێوەبەری بەنداوەکە دەڵێت، نە کەس و نە کامێرای چاودێری ئەو مارەیان نەبینیوە.
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لە رێگەی میدیازانەوە رەتیکردەوە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆکە بناسن.
ئەو وتی، “ئێمە نازانین کێ ئەو مارەی بینیوە، هەروەها چۆن زانیویەتی رێک 12 مەترە؟ سەرچاوەی دەنگۆکە نادیارە و کەس مارەکەی نەبینیوە”.
میدیازان دەزانێت، دەنگۆی هەبوونی ئەو مارە زەبەلاحە ترس و دڵەڕاوکێی لە لای دانیشتووانی نزیک بەنداوەکە دروستکردووە.
بەرپرسەکەی بەنداوی دەربەندیخان وتی، “من رەتیناکەمەوە کە ماری وا بوونی نەبێت، بەڵام ناشڵێم هەیە، چونکە هیچ بەڵگەیەکمان لەبەردەست نییە، ئەسڵەن ساڵانە ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکرێنەوە”.
بەنداوی دەربەندیخان لە 1959 دروستکراوە و دەکەوێتە سەر رووباری سیروان، بەرزییەکەی 128 مەتر و پانییەکەی لە بنەوە 500 مەترە، سەرچاوەیەکی سەرەکی کارەبای هەرێم دابیندەکات.