وێنەی بکوژەکە. فۆتۆ: پۆلیسی سلێمانی
خۆی شاردبووەوە
پۆلیسی سلێمانی: بکوژی ھاوڵاتییەکەی ناحیەی زەڕایەن دەستگیرکرا
964+
ژووری هەواڵ
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناحیەی زەڕایەن دەسترێژی گولـلە لە ھاوڵاتییەک کرا و کوژرا، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا بکوژەکە دەستگیرکراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 30.4.2024، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، تۆمەتبار تەمەنی 41 ساڵە و دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهاتبوو.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پاش گەیشتنە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، تواندراوە لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنەوە دەستگیربکرێت.
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە، ئێستا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
پێشتر، کەمال تاوەگۆزی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە قەزای شارەزوور بە 964ی وت، “کاتژمێر 4:45 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی قوربانییەکە هێندراوەتە نەخۆشخانەکە و لەلایەن پزیشکەکانەوە ئاسەواری چوار فیشەک بە جەستەیەوە بینراوە”.