هەزار و 750 دوکان و شوێنى بازرگانى

ئەگەر لە ماوەى پێنج رۆژدا پارە نەدەن کارەبایان لەسەر دەکوژێننەوە

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

دوا مۆڵەت بە هەزار و 750 دوکان و شوێنى بازرگانى پێنجوێن درا کە لە ماوەى پێنج رۆدا پارەى قەرزى کارەبا بدەن، بە پێچەوانەوە کارەبایان لەسەر دەکوژێننەوە.

عوسمان حەمەساڵح، لێپرسراوی وزەی پێنجوێن بە 964ـى راگەیاند، بە بڕیاری بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی دەبێت لە ماوەی پێنج رۆژی داهاتوودا شوێنە بازرگانی و کشتوکاڵی و کارگە و دوکانەکان لە پێنجوێن پارەی قەرزى کارەبا بدەن.

بە گوێرەى بڕیارەکە ئەو شوێنانە لە ماوەى پێنج رۆژدا پارەى قەرزى کارەبا نەدەن کارەبایان لەسەر دەکوژێننەوە، بە وتەى عوسمان حەمە ساڵح، ئەوەى پارەکە بدات 20%ـى داشکاندنى بۆ دەکرێت و دەسەڵاتیشیان پێدراوە تا قەرزەکە بکەن بە قیست و دەتوانن بە چوار قیست پارەکە بدەن.

“هەندێ شوێنى بازرگانى دوو ملیۆن دینار قەرزارە و هەندێکیش نزیکەی 14 ملیۆن دینار قەرزدارە و بڕیارەکەش لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا کاری پێدەکرێت”.، لێپرسراوى وزەى پێنجوێن واى وت.

هاوکات لێپرسراوی وزەی پێنجوێن ئەوەشی خستەڕو کە داوایان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی کردووە، هەردوو مانگ جارێک پسوڵەی کارەبا بۆ هاوڵاتیان بگەڕێندرێتەوە تا بتوانن پارەی کارەبا بدەن و بڕێکی کەمتر پارەیان بۆ بگەڕێتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

"تا دوکاندارەکانی کاسۆمۆڵ قەرزی کارەبا نەدەن کارەبایان نادرێتەوە"