داوای داخستنی قومارخانەکانی سلێمانی دەکرێت
964+
توانا نەقی – هەولێر
ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە نوسراوێکدا بۆ داخستنی قومارخانەکانی پارێزگای سلێمانی، واژوویان کۆکردووەتەوە.
لە نووسراوەکەدا، كه كۆپییهكی لای 964+ ههیه، 14 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەسەر ئەو بنەماییە داوایان کردووە قومارخانەکان دابخرێن، کە بوونەتە هۆی لێکهەڵوەشاندنەوەی چەندان خێزان و دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و دیاردەی خۆکوشتن.
محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، لە سلێمانی چەند قومارخانەیەک ههن، داوامان کردووە له رێگهی پارێزگاوه دابخرێن، بۆ ئهمهش له سهرۆكایهتی ئهنجومهنی پارێزگاوه نووسراومان كردووه و ئاراستهی پارێزگای سلێمانیمان كردووه.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ناوی چهندان جێگەی قوماری لە شاری سلێمانی بە 964+ وت، بەڵام نەویست جارێ ئاشکرا بکرێن، تا لیژنەی بۆ دروست دەکرێت.
“ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین و بەدواداچوونمان کردووە، هاوڵاتییەکی زۆر بەهۆی قومارکردنەوە مایەپووچ بوون”، محەمەد شێخ وەهاب وای وت.
بە پێی بەدواداچوونەکانی 964+ ئەو قومارخانانەی لە کوردستاندا ههن، یاری دەستی و ئەلیکترۆنییان تێدایە، بەشێک لەو کەسانەشی سەرپەرشتی هۆڵەکانی قومارکردن دەکەن، کەسانی بیانین.
محەمەد رەسوڵ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، کەیسی زۆر لەلایە، کە کەسانێك بە هۆی قومارکردنەوە داڕووخاون و بارودۆخیان خراپە.
وتیشی، “لە ناو ئەو کەسانەدا دکتۆر، بازرگان و کەسایەتی جۆراوجۆر هەن، کە بە شەوێک هەموو شتێکیان دۆڕاندووە، لەسەر ئەو بنەمایە واژوومان کۆکردووەتەوە کە قومارخانەکان دابخرێن”.
“حکومەت كه بارودۆخی ژیانی خەڵک لە رووی ئاو و کارەبا و مووچە و زۆر شتی دیکە چاک ناکات، خۆ دەتوانێت قومارخانەکان دابخات، تا ئهوهنده کێشەی کۆمەڵایەتی بهدواوە نەیەت”، محەمەد رەسوڵ وادەڵیت.