"داواکراو بووە"

ئاسایش لەبارەی کوژراوەکەی هەولێر: بەڵگەکان لەبەردەستی دادگادان

964+

ژووری هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی ئاسایشی هەولێر، روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو کەسە بڵاوکردەوە کە گوایە لە هەولێر لە کاتی هەوڵی دەستگیرکردنیدا، روبەڕووی ئاسایش بووەتەوە و کوژراوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، ئەو کەسەی کوژراوە بە فەرمانی دادوەر داواکراو بووە و روبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە.

“تەواوی بەڵگەکان لەبەردەستی دادگادان و ئەو دۆسیەیە رێڕەوی یاسایی خۆی دەبڕێت و نامانەوێت جگە لە بڕیار و رێنمایی دادگاکان هیچ روونکردنەوەیەکی تر بدەین و ولامی ئەو لێدوانانەش تەنیا لە دادگا دەدەینەوە”، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی ئاسایشی هەولێر وا دەڵێت.

دوێنێ سێشەممە، ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا رووبەڕوویان بوونەتەوە و دواتر یەکێکیان کوژراوە.

کەسوکاری  کوژراوەکە، راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان رەتدەکەنەوە و دەڵێن: ”دوورە لە راستی؛ نە چەکی پێبووە، نە تەقەی کردووە، بەڵام کوژراوە”.

لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، “بە فەرمانی دادوەر تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیمان بە دواداچوونی بۆ دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر کرد، لە دەوروبەری شاروچکەی عەنکاوە، داواکراوەکان رووی چەکەکانیان ئاراستەی هێزەکانی ئاسایش کرد و کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بە سەختی بریندار بوو”.

ئاماژە بەوەش کراوە، “لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی هێزەکانمان، یەکێک لە داواکراوەکان کوژرا و ئەوی تریان دەستگیر کرا و لێکۆڵینەوە بەردەوامە”.

ئاسایشی هەولێر: بازرگانێکی مادەی هۆشبەر کوژرا

ئاسایشی هەولێر: بازرگانێکی مادەی هۆشبەر کوژرا